چارەکى چوارەمى ساڵى ٢٠١٩
هەڵوێستەکانمان

چارەکى چوارەمى ساڵى ٢٠١٩

لە بەروارى ١٢ تشرینى یەکەمەوە بۆ بەروارى ٢٩ کانوونى یەکەم

12ـى تشرينى دووەمى 2019

 نەسڕ پاڵپشتى خۆى رادەگەیەنێت بۆ ئەو پێشنیارانەى کە مەرجەعیەتى ئاینى باڵاى سەماحەتى سەید سیستانى خستییەڕوو بۆ چارەسەرکردنى قەیرانە هەنووکەییەکە

ئیئتلافى نەسڕ پاڵپشتى خۆى رادەگەیەنێت بۆ ئەو پێشنیارانەى کە مەرجەعیەتى باڵاى سەماحەتى سەید سیستانى خستییەڕوو بۆ چارەسەرکردنى قەیرانە هەنووکەییەکە، وپشتیوانى لەو دەستپێشخەرییانە دەکات کە ئامانجى بەجێهێنانى داخوازییەکانى رۆڵەکانى گەلى عیڕاق و داواکارییەکانیانە، وپێى وایە کە قووڵایى قەیرانە سیاسییەکە پەیوەستە بە بونیادى سیستەمە سیاسییەکە و بۆچوونەکانى فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە، وداخوازییەکانى جەماوەر بەجێناهێنرێت ئیلا بە چاکسازییەکى دەستوورى یاسایی کارگێڕیی سیاسی ئابووریی گشتگیر بۆ بونیادى سیستەمەکە.

ونەخشە رێگاى چاکسازیکردنى سیستەمەکە پێویستى بە هەنگاوى چاونەترسانە و جیددى هەیە لە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە بە هەڵبژاردنێکى پێشوەختە و یاسایەکى هەڵبژاردنى دادگەر و کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ دەستپێدەکات بۆ رێگەگرتن لە یاریکردن بە دەنگى دەنگدەران و مسۆگەرکردنى بەشداریکردنێکى بەرفراوانى جەماوەر و خوێنى نوێ پاڵبنرێتە نێو کایە سیاسییەکەوە و پاوانکردنى دەسەڵات بشکێنرێت بەمەبەستى گێڕانەوەى متمانەى گەلەکەمان بە سیستەمە سیاسییەکە.

هیچ رێگەیەکى تر نییە لە بەرامبەر هێزە سیاسییەکاندا بێجگە لە کارلێککردن لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانى چاکسازیدا بەشێوەیەک کە حوکمى ژیر و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و سەروەریى نیشتیمانى بەدەست بێنێت.

 

---

 

12ـى تشرينى دوومى 2019

نەسڕ: بەردەوامین لە داواکانمان بۆ ئیستجوابکردنى عەبدولمەهدى

فراکسیۆنى نەسڕى پەرلەمانى جەختدەکاتەوە بۆ جەماوەرى عیڕاقى کە بەردەوامە لە بەجێهێنانى بەرپرسیارێتییە یاساییەکانى خۆى لەڕیى بەدەنگەوە هاتنى داواکانى ئەم جەماوەرە بە ئیستیجوابکردنى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران لەژێر سەقفى پەرلەمانى عیڕاقیدا.

وسەرۆکایەتى فراکسیۆنەکە هۆشدارى دەدات لە هەوڵى میدیایى بەدناوکەر کە ئامانجى بڵاوکردنەوەى ئەو هەواڵانەیە کە گوایا فراکسیۆنى نەسڕ ئیستیجوابکردنى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى کشاندۆتەوە و پاشگەزبووەتەوە لەم بژاردەیە ئەمەش بەمەبەستى شێواندنى وێنەى فراکسیۆنەکەیە کە داوایەکى پێشکەشکرد لە بەروارى دووى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ بۆ ئیستجوابکردنەکە، واتا لە رۆژى دووەمى دەستپێکردنى ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە لە شارە عیڕاقییەکاندا.

بەمپێیەش نوێنەرایەتى فراکسیۆنى نەسڕ جەختدەکاتەوە لەوەى کە ئیستجوابەکەى نەکشاندۆتەوە وبەردەوامە لەگەڵ لایەنەکانى ترى پشتیوان لە ئیستجوابەکە بە تەواوکردنى تا کۆتایى و هەموو هەوڵە میدیاییە درۆزنەکان ناتوانن پەکى بخات لە بەجێهێنانى بەرپرسیارێتییە شەرعى و یاساییەکانى خۆى.

 

---  

 

15ـى تشرينى دووەمى 2019

نەسڕ پشتگیرى لە پشتیوانیی مەرجەعییەت دەکات لە خۆپیشاندەران

پشتگیرى دەکەین و بەهەموو تینێکیشەوە لە بەیاننامەکەى مەرجعیەتى باڵاى ئاینى کە لە بەروارى ١٥-١١-٢٠١٩ راگەیەندرا، کە جەختکردنەوە بوو لەوەى کە هەمیشە مەرجەعییەت لەپاڵى گەل و چاکسازیکردنى دەسەڵات و پاراستنى دەوڵەتدایە.

ئیئتلافى نەسڕ لە سەرەتا رۆژانى دەستپێکردنى راپەڕینى گەل دژ بە گەندەڵى و پشکپشکێنە نەخشە رێگایەکى گشتگیرى راگەیاند کە دەرچوونى لەخۆ گرتبوو لە قەیرانەکە، ودواتریش زنجیرەیەک لە هەڵوێست وسیاسەتى نەگۆڕى بۆ زیادکرد لەسەر رێچکەى چاکسازیی ریشەیى بۆ بنەماکانى پرۆسە سیاسییەکە وپەیکەرى سیستەمە سیاسییەکە. وئەمڕۆ جەختدەکەینەوە لە دید و داواکانمان بە قۆناغێکى راگوزەر کە لەلایەن حکومەتێکى کاتییەوە بەڕێوەببریت بەسەرۆکایەتیکردنى کەسایەتییەکى سەربەخۆ، لەپێناو ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پێشوەختەى دادپەروەر و بەیاسایەکى دادگەر و کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ و سەرپەرشتیکردنێکى نێودەوڵەتییەوە.
وپێمانوایە کە چاکسازیکردنى سیستەمەکە لەڕووى پێکهاتە و بونیاد و دەستوور و رێچکەکانى خزمەتکردنى بە گەل و نەهێشتنى گەندەڵى و دووپاتکردنەوەى سەروەریى هەموو ئەمانە پەیوەستن بە دەرهاویشتەکانى قۆناغە راگوزەرەکە و جیددیەتى و راستگۆییەوە لەلایەن ئەو هێزانەوەى کە دەسەڵات بەدەستن.

 

---  

 

18ـى تشرينى دووەمى 2019

نەسڕ داوا لە هەموو لایەک دەکات کە سۆڵیدار بن لەپێناو دەرکردنى وڵاتەکە لەم قەیرانەى ئێستاى

ئیئتلافى نەسڕ بۆ راى گشتى رایدەگەیەنێت، کە واژۆکردنى لەسەر بەڵێنامەى کوتلە سیاسییەکان لە بەروارى ١٨-١١-٢٠١٩ بەو مەرجە بوو کە حکومەتێکى نوێ پێکبهێنرێت و ئەم حکومەتەش هەڵسێت بە جێبەجێکردنى ئەم پابەندبوونانە وئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پێشوەختە پاش چاککردنى یاساى هەڵبژاردنەکان وچاکسازیکردنى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن ئەمەش بە بەشدارى چالاکییە جەماوەرییەکان وهەروەها ئیدانەکردنێکى روون بۆ کوشتن و بریندارکردنى خۆپیشاندرانى هێمن و رفاندنیان. وداواکارین لە هەمووان کە سۆڵیدار بن لەپێناو دەرکردنى وڵاتەکە لە قەیرانەکانى ئەمەش بەمەبەستى قایلبوون بە بەرژەوەندییەکانى گەل و سەلامەتى وڵاتەوە.

 

---

 

29ـى تشرينى دووەمى 2019

نەسڕ: داواکارین لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوێنەران سبەینێ دانیشتنێکى نائاسایى ببەسترێت بەمەبەستى کێشانەوەى متمانە لە حکومەت و گۆڕینى بۆ حکومەتى کار بەڕێکەر

نوێنەرانى کوتلەى ئیئتلافى نەسڕ لە ئەنجومەنى نوێنەران داواکارە لە سەرۆکى ئەنجومەنەکە کە دانیشتنێکى نائاسایى ببەسترێت بەمەبەستى کێشانەوەى متمانە لە حکومەت و گۆڕینى بۆ حکومەتێکى کار بەڕێکەر، ئەمەش بەپێى رێوشوێنە دەستورییەکان، وگرتنەبەرى رێوشوێنى خێرا بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى نوێی سەربەخۆ کە رێخۆشکەرى بکات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پێشوەختەى پاک ئەمەش پاش دەرکردنى یاسایەکى هەڵبژاردنى دادپەروەر و دانانى کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ.

 

---  

 

30ـى تشرينى دووەمى 2019

دکتۆر عەبادى دەستپێشخەرییەکى نیشتیمانى رادەگەیەنێت

دکتۆر حیدەر عەبادى دەستپێشخەرییەکى نیشتیمانى رادەگەیەنێت کە بڕگەکانى ئەمانەى لاى خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

-دەستبەجێ کێشانەوەى متمانە لەم حکومەتەى ئێستا بەپێى مادەى ٦١ـى دەستوور، وپێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لە 15-12-2020، بە کارنامەیەکى کاتییەوە و بۆ ماوەیەکى دیاریکراو و بەسەرۆکایەتى کەسێکى سەربەخۆ، کە ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆ:

- زامنکردنى نوێنەرایەتى کردنى خۆپیشاندەران لەرێگەى دامەزراندنى "یاریدەدەرێک بۆ سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى خۆپیشاندانەکان" بەمەبەستى بەجێهنانى داواکارییەکان و بەشداریپێکردنى گەل لە ئیدارەدانى قۆناغە کاتییەکەدا.

-ئازادکردنى دەستگیراوە هێمنەکان و ئاشکراکردنى تاوەنباران و بکوژانى خۆپیشاندەرە هێمنەکان و هێزە ئەمنییەکان و دادگایی کردنیان و قەرەبووکردنەوەى بنەماڵەى شەهیدەکان.

-راستکردنەوەى دادپەروەرانە لە یاساى هەڵبژاردندا کە زامنى شکاندنى پاوانخوازى سیاسی بێت، وپێکهێنانى کۆمسیۆنێکى هەڵبژاردنى سەربەخۆ، وئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پێشوەختە بە سەرپەرشتیکردنێکى نێودەوڵەتى لەماوەى شەش مانگدا.

 

-حکومەتە نوێیەکە ئەم ئەرکانە رادەپەڕێنێت:

-ئەنجامدانى چاککردنەوە دەستورییەکان، وسنووردارکردنى چەک وهێشتنەوەى بەتەنیا لەدەستى دەوڵەتدا، وکۆتایی هێنان بە کەیسى دەستگیراو و بێسەروشوێنەکان لە هەموو پارێزگاکانى عیڕاقدا.

-چاکسازیی کردنى دادوەرى و یەکلاییکردنەوەى دۆسیەى گەندەڵییە سەرەکییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لەو بوارەدا.

- ئازادکردنى دەوڵەت و دەزگاکانى لە چنگى پشکپشکێنە و بەرپاکردنى پێوەرەکانى توانا و پیشەیی بوون و دەستپاکى و چانسى هاوسەنگ.

-پابەندبوون بە مەرجەکانى سەروەریى عیڕاقییەوە، ومسۆگەرکردنى ئازادکردنى بڕیارى عیڕاقى لەهەر جۆرە هەژموون و پاشکۆیەتییەکى دەرەکى.

 

(( دەقى دەستپێشخەرییەکە))

وەکو درێژەیەک بۆ دەستپێشخەرى پێشوومان و بەدیاریکراوى دەستپێشخەرییە گشتگیرەکەى ١٧-١١-٢٠١٩، وبەمەبەستى مسۆگەرکردنى گواستنەوەى دەسەڵات بەشێوەیەکى نیان، وبناغەدانانێکى درووست بۆ قۆناغە کاتییەکە و ئەو دەرەنجامانەى کە لێی دەبنەوە وەکو بنچینەگەلێک بۆ قۆناغە درێژخایەنەکە، وئەمڕۆش دەستپێشخەرییە نیشتیمانییەکەمان دەخەینەڕوو بۆ بەڕێوەبردنى قۆناغە کاتییەکە.

 

یەکەم:

أ) لە 1-12-2010 وتا 15-12-2019، وپاڵپشت بە مادەى ٦١ـى دەستوور، وبەداوایەک لە سەرۆکى کۆمارەوە، ئەنجوومەنى نوێنەران سەرپەرشتى کێشانەوەى متمانە دەکات لە حکومەتى ئێستا. وپێکهێنانى حکومەتێکى نوێ بە وەزارەتى سنووردار و کەسایەتیگەلێکى سەربەخۆوە، وکەسایەتییەکى سەربەخۆ رادەسپێردرێت بە سەرۆکایەتیکردنى ئەم حکومەتە وهیچ ئەندامێکى ئەم حکومەتە نەپاڵێورێت بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو.

ب) پابەندکردنى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بەدەستنیشانکردنى یەکێک لە چالاکوانە مەدەنییەکان وەکو یاریدەدەرێک بەمەبەستى مسۆگەرکردنى نوێنەرایەتیکردنى خۆپیشاندەران و ئامادەیی داواکارییەکانى گەل لە بەڕێوەبردنى قۆناغە کاتییەکەدا.

 

دووەم:

تەمەنى حکومەتە نوێیەکە شەش مانگ دەبێت کە لە 15-12-2019 دەست پێدەکات و لە 30-6-2020ـدا کۆتایی پێدێت، ولەم ماوەیەدا کاروبارى وڵات رادەپەڕێنێت، و یەکێک لە ئەرکەکانیشى ئازادکردنى دەستگیراوە هێمنەکانە و ئاشکراکردنى تاوەنباران و بکوژانى خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان و هێزە ئەمنییەکان و دادگایی کردنیان و قەرەبووکردنەوەى بنەماڵەى شەهید و بریندارەکان، هەروەها جێبەجێکردنى ئەم ئەرکانەى لاى خوارەوە:

أ) راستکردنەوەى دادپەروەرانە لە یاساى هەڵبژاردندا کە زامنى شکاندنى مۆنۆپۆڵى سیاسیی بێت، وزامنکەرى سەرکەوتنى هێز و نوخبەى سیاسى نوێ و لاو بێت.
ب) پێکهێنانى کۆمسیۆنێکى هەڵبژاردنى تەواو سەربەخۆ و دوور لە حیزب و قەوارە سیاسییەکان.

ج) دانانى میکانیزم و رێوشوێنى هەڵبژاردنێک کە زامنکەرى پاکى و ئیرادەى ئازادى دەنگدەران بێت.

د) ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى گشتى، کە هەموو قۆناغەکانى لەژێر سەرپەرشتیکردنێکى نێودەوڵەتیدا بەڕێیەوە بچێت.

 

سێیەم:

إ) ماوەى هەرسێ دەسەڵاتەکە بۆ قۆناغە «کاتییەکە» کۆتایی پێدێت لە بەروارى ٣-٦-٢٠٢٠، وئەنجومەنى نوێنەرانى نوێى هەڵبژێردراو دەستدەکات بە کاروبارەکانى لە بەروارى ١-٧-٢٠٢٠، وبەردەوام دەبێت لە رێوشوێنەکانى پێکهێنانى دەسەڵاتەکان بەپێى دەستوور.

ب) حکومەتى نوێى پێکهێنراو و لە ماوەى شەش مانگى یەکەمى تەمەنیدا هەڵدەستێت بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە سەرەکییەکانى وڵاتدا و لەژێر سەقفى ماوەیەکى دیاریکراو کە ساڵى ٢٠٢٠ تێنەپەڕینێت بەمەبەستى دانانى رێچکەى پابەندکەر بە ئەنجامدانى راستکردنەوەى دەستوورى و پێشکەشکردنى بۆ ریفراندۆم بەر لە کۆتایى ساڵى ٢٠٢٠. ودواتر سیستەمە سیاسییەکە و دەزگاکانى رێکدەخرێن لەسەر بنەماى دەرەنجامەکانى ریفراندۆمەکە کە بەشێوەیەکى جەماوەریى پەسەند کراوە.

 

چوارەم:

حکومەتە نوێیەکە پابەند دەبێت لەماوەى شەش مانگى یەکەمى تەمەنیدا خشتەى بۆ ماوەیى یەکلاکەرەوە دابڕێژێت بۆ سانسۆرکردنى چەک وگێڕانەى تەنیا بۆ دەستى دەوڵەت، ونەهێشتنى هەر جۆرە بوونێکى سەربازى یان نیمچە سەربازى لەدەرەوەى چێوەى دەزگاکانى دەوڵەتدا، وکۆتایى هێنان بە دۆسیەى دەستبەسەرکراو و بێسەروشوێنەکان لە هەموو پارێزگاکانى عیڕاقدا.

 

پێنجەم:

حکومەتە هەڵبژێردراوەکە پابەند دەبێت بەوەى لە ماوەى شەش مانگى پاش پێکهێنانى بە چاکسازیکردنى داد ویەکلاییکردنەوەى دۆسیە سەرەکییەکانى گەندەڵى بە هاوکارى نێردەى نەتەوە یەکرگرتووەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا، وزوو زوویش جەماوەر ئاگەدار بکرێتەوە لە دەرەنجامەکانى.

 

شەشەم:

هەموو حیزب و نوخبە بەشداربووەکان وبراوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەشێوەیەکى (یاسایی) پابەند دەبن بە دەستوور ویاسا و سەروەریى نیشتیمانییەوە لە مومارەسەکانیاندا، وپەیمان دەدات بە رەتکردنەوە و رووبەڕووبوونەوە و بەتاوانکردنى تیرۆر یان بوونێکى سەربازیى لە دەرەوەى دەسەڵاتى یاساییدا، وسنوورداکردن و تایبەتکردنى دەسەڵاتەکانى سەپاندنى ئاسایش و پاراستنى هاوڵاتیان تەنیا بە دەسەڵاتەکانى دەوڵەت، وپابەندبوون بە ماف و ئەرکە مەدەنى و سیاسییەکان و بەهاکانى پێکەوە ژیانى ئاشتیانە و مافى ڕا دەربڕین بەشێوەى هێمن، وپتەوکردن و پاڵپشتیکردنى ئاسایش لەڕووى یاسایی و دەزگایی و کۆمەڵایەتییەوە بەمەبەستى پاراستنى وڵات و گەلەکەى، ورەتکردنەوەى توندوتیژیی و پەنابردنە بەر چەک بۆ چارەسەرکردنى گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.

 

حەوتەم:

هەموو حیزب و نوخبە بەشداربووەکان و ئەوانەى براوەى هەڵبژاردنەکانن پابەند دەبن (لەڕێى بەڵێننامەى فەرمییەوە) بە ئازادکردنى دەوڵەت و دەزگاکانى لە چنگى سیستەمى پشکپشکێنە، و پێوەرى لێهاتوویی و پیشەیى و دەستپاکى و پلەبەندى پیشەیى و پسپۆڕیى و چانسى هاوسەنگ بەرپا بکەن لە دەستنیشانکردنى پاڵێوراو بۆ پۆستەکان، وئەکتیڤکردنى یاساى ئەنجومەنى خزمەتى ئیتحادى، وپابەندبوون بە لێپێچینەوە و کۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنى پیشەیى و یاسایى بۆ ئەداى بەرپرسەکان دوور لە هەر جۆرە پاراستنێکى سیاسی. وبەرپاکردنى خشتە مووچەیەکى یەکسان بۆ هەموو بەرپرسان کە بەدیهێنەرى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بێت.

 

هەشتەم:

متمانە دەبەخشرێت بە حکومەتى هەڵبژێردراو لەسەر بنەماى زۆرینەى سیاسى بەدوور لە تایفەگەرى پێکهاتەیى سیستەمە سیاسییەکە، وبەرنامەیەک پێشکەش دەکرێت کە بەشێوەیەکى دەورى لەژێر لێپێچنەوەدا بێت، وحکومەت پابەند دەبێت بە دانانى پلانى گشتگیر بەمەبەستى نوێکردنەوەى سیستەمە کارگێڕى و داراییەکە، وهەنگاونان بەرەو بەئامێریکردن، وگوازرانەوە بەرەو حکومەتى ئەلیکترۆنى، وبەرپاکردنى پێوەرە نێودەولەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنى ئەداى دەزگاکان، وتەواوکردنى بوژاندنەوەى ئابوورى بازاڕى تەواوکاریى (السوق التکاملي)، ودامەزراندنى سندووقى نەوەکان، وسندووقى سیادیی، وپلانى گەشەپێدانى نیشتیمانى، وعیڕاق ڤەیژنى ٢٠٣٠، و ستراتیژى کەمکردنەوەى هەژاریی، ورووبەڕووبوونەوەى بێکارى، وئەکتیڤکردنى تۆڕەکانى چاودێرى کۆمەڵایەتى، وپەلەکردن لە بوژاندنەوەى ئابوورى، کشتوکاڵى، پیشەسازى، بازرگانی، وبانکی هەروەها پەرەپێدانى کەرتەکانى خزمەتگوزرایی و وزە و گواستنەوە و تەکنۆلۆژیاى زانیارى و پەیوەندییەکان، وپێشخستنى ناوەندەکان و سەلیقە کارگێڕیی وپیشەییکانى کرێکارانى نێو دەزگاکانى دەوڵەت و دەرەوەى، وحکومەت پابەند دەبێت بەپێى بەرنامەى گشتگیر بە بەتواناکردنى لاوان و ژنان لە سێکتەرە سیاسیی و ئابووریی و فێرکاریی وگەشەپێکردنەکاندا، وزامنکردنى مافى ژنان و مافى منداڵ و هەرزەکاران و بەساڵاچووان و داڕشتنى پاراستنێکى تەشریعى بۆیان، وجەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى ئامانجەکانى یاسای پاراستنى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، وحکومەت پابەند دەبێت بە تەبەناکردنى ئەو سیاسەت و بەرنامانەى کە لە ستراتیژى پەروەردە و فێرکاریدا هاتووە، وپابەند دەبێت بە دووبارە داڕشتنەوەى پەیڕەوە پەروەردەیى و فێرکارییەکان بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنى پەروەردەییدا وزامنکەرى چەسپاندنى کولتوورى پێکەوە ژیان و بەها مەدەنییەکان و شۆناسى نیشتیمانى کۆکەرەوە بێت، وگرنگیدان بە رۆشەنبیریی و راگەیاندن و هونەرەکان و وەرزش و کارکردنى مەیدانى لە بونیادنانى دەوڵەت و پێشخستنى دەوڵەت و دەزگاکانى.

 

نۆیەم:

حکومەتى هەڵبژێردراو خۆى و هەموو دەسەڵاتەکانى وڵات پابەند دەبن بە دابینکردنى پاراستنێکى تەشریعی و کۆمەڵایەتى بۆ هەموو کەمینە ئیتنییەکان بە کۆى فرەڕەنگى ئاینى و نەتەوەیى و تایفییەوە، ومومارەسەنەکردنى پەراوێزخستن و وەلانان و دەستدرێژیکردنە سەریان، ومسۆگەرکردنى قەرەبووکردنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانى نیشتەجێبوونیان، ورێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانیان.

 

دەیەم:

حکومەتى هەڵبژێردراو و کۆى دەسەڵاتى وڵات پابەند دەبن بە مەرجەکانى سەروەریى عیڕاقییەوە، ومسۆگەرکردنى ئازادکردنى بڕیارى عیڕاقى لە هەژموون و پاشکۆیەتى دەرەکى، وئازادکردنى هەماهەنگیکردن و یەکانگیریی لەگەڵ جیهاندا لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش وبەپێى بەرژەوەندى وسەروەریى عیڕاقى.

 

---  

 

15 تشرینى یەکەمى2019

ئیئتلافى نەسڕ: پشتگیریمان نەکردووە لە پاڵێوراوێکى دیاریکراو و دەبێت حیزبەکان خۆیان ئازادبکەن لە مێنتاڵیەتى دەستبەسەرداگرتن

بەشێوەیەکى فەرمى ئیئتلافى نەسڕ رەتیدەکاتەوە پشتگیرى لە پاڵێوراوێکى دیاریکراو کردبێت بۆ سەرۆکاییەتى وەزیران، وپەیوەندیشى نییە بە پێشبڕکێى هێزە سیاسییەکانەوە بۆ دەستنیشانکردنى کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە، ونەسڕیش یەکەم لایەن بوو کە پێشنیارى دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتى ئێستا وپێکهێنانى حکومەتێکى بێلایەنى خستەڕوو بەمەبەستى بەڕیوەبردنى قۆناغە راگوزەرەکە، وهەر لەسەرەتاى راپەڕینى ئوکتۆبەرەوە نەسڕ زیاد لە دەستپێشخەرییەکى گشتگیر و نەخشەڕیگایەکى خستەڕوو بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکارى وچاکسازیى بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ داخوازییەکانى گەل و بنەماکانى حوکمى ژیردا.

ئیئتلافى نەسڕ کە واژۆى نەکرد لەسەر پێکهێنانى ئەم حکومەتى ئێستا و بەشداریش نەبوو تێیدا و داواکاریش بوو بە هەڵوەشاندنەوەى بەهۆى شکستهێنانى لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا، جەختیکردووە و دووبارە جەختیش دەکاتەوە کە ئیئتلافەکە بەشێک نییە لە پاڵاوتن یان دەستنیشانکردنى هەر حکومەتێکى داهاتوو، وبەرژەوەندى نیشتیمانیش پێویستى بە حکومەتێک هەیە کە ترزاو بێت لە مێنتاڵیەتى دەستبەسەرداگرتن و پشکپشکێنەى حیزبى، ئەوەشى لە کەسایەتى سەرۆک وەزیران گرنگترە پێوەر و ئەرکە چاوەڕوانکراوەکانە لە قۆناغە داهاتووەکەدا، وپێشەنگى ئەم ئەرکانەش: پابەندبوونە بە نەخشەڕیگایەکى روون و کاتى دیاریکراو بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکاریی لەڕێگەى جێبەجێکردنى دادپەروەریى و لێپێچینەوە لە تاوەنباران و ئابڵۆقە خستنەسەر چەک وسنووردارکردنى تەنیا بۆ دەوڵەت و گێڕانەوەى سەقامگیریی و ئاشتى کۆمەڵایەتی و ئازادکردنى ئیرادە و بڕیارى عیڕاقى لەهەر دەستێوەردانێک، وگەرەنتیدان بە دادپەروەریى یاسا و رێوشوێنەکانى پەیوەست بە قۆناغە کۆتاییەکەوە و پێشەنگیانیش هەڵبژاردنێکى ئازادە.

 

---  

 

18ـى كانونى یەکەمى 2019

ئیئتلافى نەسڕ: چاکسازى پێویستى بە گۆڕانکارییەکى بونیادی هەیە لە هاوکیشە حکومڕانییەکەدا

ئیئتلافى نەسڕ دووبارى جەختدەکاتەوە بۆ ڕاى گشتى کە هیچ پاڵێوراوێکى پێشنیار نەکردووە بۆ سەرۆکایەتى وەزیران وپشتیوانى ناکات لە هیچ کەسێکى دیاریکراو، ئەوەى گرنگە بەلاى ئیئتلافەکەوە کەسى پاڵێوراو دەبێت نیشتیمان پەروەر و بێلایەن و پیشەیى بێت و هاوکات پەسەند بێت لەلایەن گەلەوە.

وئیئتلافى نەسڕ هۆشداریى دەدات لەوەى گرانەتاى بەربەرەکانێى حیزبى و مێنتاڵیەتى دەستبەسەرداگرتن هەموو هیوایەک لەبار دەبات بە قۆناغێکى راگوزەرى چاکسازیکار.

چاکسازیکردنى سیستەمە سیاسییەکە و بەجیهێنانى داواکارییەکانى گەل پێویستیان بە گۆڕانکارییەکى بونیادى هەیە لە هاوکیشەى حوکمڕانییەکەدا، ودەبێت چاکسازیى نەبێتە پاشکۆى بازاڕى بەرژەوەندییە بەرتەسکەکان.

 

---  

 

 

21ـى كانونى یەکەمى 2019

نەسڕ: دەبێت کەسایەتییەکى بێلایەن دەستنیشان بکرێت کە جێى متمانەى گەل بێت وەکو سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنى وەزیران

ئیئتلافى نەسڕ جەختدەکاتەوە لەسەر هەڵوێستەکانى پێشووى کە تێیدا خوازیارى دەستنیشانکردنى کەسایەتییەکى بێلایەن بوو کە جێى متمانەى گەل بێت وەکو سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بۆ قۆناغە راگوزەرەکە کە کۆتایى بە ئەرکەکانى دێت پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بەسەرپەرشتیکردنێکى نێودەوڵەتى.

وئیئتلافى نەسڕ دووبارە جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەى کە پێویستە قۆناغە راگوزەرەکە مسۆگەرکەرى ئەنجامدانى گۆڕانکاریى بێت لە ژیانە سیاسییەکەدا بەشێوەیەک کە خزمەت بە داخوازییەکانى گەل بکات.

بەربەرەکانێى سیاسى بەرژەوەندیخواز و کێبڕکێى حیزبى و مێنتاڵیەتى دەستبەسەرداگرتن هەموو ئەو هیوایانە لەناو دەبات بۆ چاکسازیکردنى سیستەمى سیاسى.

 

---   

 

23ـى كانونى یەکەمى 2019

ئیئتلافى نەسڕ: ئاگەدراى پرسى حکومەتى فریاکەوتنى نیشتیمانى نین

ئیئتلافى نەسڕ رەتیدەکاتەوە کە سەرۆکەکەى دکتۆر حەیدەر عەبادى ئاگەدارى ئەو هەواڵانە بێت کە باس لە ئەگەرى پێکهێنانى حکومەتێکى فریاکەوتنى نیشتیمانى دەکات، وپێى وایە کە ئەم دەنگۆیانە هەوڵیکە بۆ تێکەڵکردنى کاغزەکان و تێپەڕاندنى ئەژیندایە لەو ململانێیەى کە لەسەر پرسى پێکهێنانى حکومەتدا دەگوزەرێت. 

ونەسڕ جارێکی تریش دووپاتى دەکاتەوە کە پێویستە کەسایەتییەکى بێلایەن دەستنیشان بیکرێت بۆ سەرۆکایەتى حکومەت، وقۆناغە راگوزەرەکە بێتە بوون پاڵپشت بە هەردوو شەرعیەتى دەستوریى و جەماوەرى بەشێوەیەک کە چاکسازیکردنى سیستەمە سیاسییەکە مسۆگەر بکات و داواکارییەکانى گەل بەجێ بێنێت.

 

---  

 

26ـى كانونى یەکەمى 2019

نەسڕ: ئەوەى ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵینین دەرەنجامى هاوکێشە حوکمڕانییەکەى ٢٠١٨ـیە کە پێویستە بگۆڕدرێت

ئیئتلافى نەسڕ هۆشداریى دەدات بە هێزە سیاسییەکان لە بەردەوامبوون بە هەمان میتۆدى سیاسى کە تێیدا بەرژەوەندى حیزبى پێشدەخرێت لە دەستنیشانکردنى سەرۆک وەزیرانێکى نوێدا، ولە بەردەوامبوون بە مێنتاڵیەتى دەستبەسەرداگرتن و هەژموون و بەرژەوەندیى بەرتەسک کە قەیرانەکە وەکو خۆى دەهێڵێتەوە و پشکپشکێنە و گەندەڵى دەچەسپێنێت وسەروەریى وڵات بە بارمتەیى لەژێر دەستى وڵاتانى بێگانەدا دەهێڵێتەوە.

وئیئتلافى نەسڕ جەختدەکاتەوە، ئەو قەیرانانەى کە وڵاتى داوە بە یەکتردا و ئێمە ئەمڕۆ بەرەکەى دروێنە دەکەین دەرەنجامى هاکێشە حکومڕانییە سستەکەى ٢٠١٨ـیە کە لێکدژ و بەرژەوەندیخوازە، ودووبارە هەمووارکردنەوەى بە رەنگوڕووى نوێوە وڵات دەخزێنێتە نێو گێژاوەى فەوزا و دەساودەسکردنەوە.

جارێکیتریش داواکاریمان دووپات دەکەینەوە بە گۆڕینى هاوکێشەى حوکمڕانى بەشێوەیەک کە گەنجاو بێت لەگەڵ ئەرکە نیشتیمانییەکان و گۆڕانکارییە نوێکاندا، وداواکارى پێکهێنانى «وەزارەتێکى سەربەخۆین» بۆ بەڕێوەبردنى قۆناغە راگوزەرەکە کە بەشێوەیەکى پیشەییانە و نیشتیمانیانەى ئاست بەرز کاروبارى وڵات بەڕێوەبەرێت، بەمەبەستى مسۆگەرکردنى دامەزراندنى قۆناغێکى درێژخایەن لەپێناو بەجێهێنانى داخوازییەکانى گەلدا.

 

---  

 

26ـى كانونى یەکەمى 2019

نەسڕ: دەست لەکارکێشانەوەى سەرۆک کۆمار بەڕێز بەرهەم ساڵح رەتدەکەینەوە و داواکارین بە کێشانەوەى

ئیئتلافى نەسڕ دەست لەکارکێشانەوەى سەرۆک کۆمار بەڕێز بەرهەم ساڵح رەتدەکاتەوە، وداواکارە بە کێشانەوەى و بەردەوامبوونى لە بەرپرسیارێتییە دەستووریى و نیشتیمانییەکاندا.

وئیئتلافى نەسڕ جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەى بەرژەوەندییە نیشتیمانیى و شەرعییە جەماوەرییەکان هێزە سیاسییەکان ناچار دەکات بە پشتیوانیکردن لەو چارەسەرانەى کە داواکارییەکانى گەل بەجێ دەهێنێت، ودوورکەوتنەوە لە مێنتاڵیەتى بەخیانەتکارکردن و زۆرداریى و هەژموون.

وئیئتلافى نەسڕ پێداگرە لەسەر پێویستى ئەنجامدانى گۆڕانکاریى جەوهەرى لەسەر ئەو هاوکێشە حوکمڕانییەى ئێستا بەشێوەیەک کە رێخۆشکەر بێت بۆ دامەزراندنى قۆناغێکى راگوزەر کە لە توانایدا بێت وڵات دەربهێنیت لە قەیرانەکەى، وسووربوون لەسەر مانەوەى ئەم هاوکێشەیە بەم شێوەیەى ئێستاى دەمانبات بەرەو هەڵدێر، وئەو هێزانەى کە ئەنجامدانى چاکسازیى گشتگیر رەتدەکەنەوە هەموو بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرن و دەکەوێتە ئەستۆیان لە بەرامبەر خودا ونیشتیمان و مێژوودا.

 

---   

 

29ـى كانونى یەکەمى 2019

نەسڕ: ئیدانەى دەستدرێژییەکەى ئەمریکا دەکەین بۆ سەر سەروەریى عیڕاق و چەکدارانى حەشدى شەعبى

ئیئتلافى نەسڕ ئیدانەى دەستدرێژییەکەى ئەمریکا دەکات بۆ سەر سەروەریى عیڕاق و چەکدارانى حەشدى شەعبى، و داواکارە لە حکومەت ئەو هێزانەى ئەمریکا کە لەسەر خاکى عیڕاقدان پابەند بکات بە بڕگەى ئەو رێکەوتنانەى کە لەلایەن هەردوولا رێککەوتوون لەسەرى، وئیئتلافەکە دووپاتى دەکاتەوە کە دەستدرێژى هاوشێوە زیان دەگەیەنێت بە ئاسایش و سەقامگیریی وپەیوەندییەکانى هەردوولا.

وئیئتلافى نەسڕ جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستى پابەندکردنى هەموو جۆرە هێزە عەسکەرییە عیڕاقییەکان بە فەرمانەکانى فەرماندەیى گشتى و پابەندبوونە فەرمییەکانى عیڕاق و پەلکێشنەکردنى عیڕاق بەرەو جەنگى هەرێمى و نێودەوڵەتى، چونکە ئاسایش و سەقامگیریی عیڕاق بەهایەکى باڵایە و نابێت لەدەستبدرێت لەپێناوى هیچ وڵاتێکدا.