وتاری دکتۆر حەیدەر عەبادی لە یادی سێ ساڵەی راگەیاندنی سەرکەوتندا
سەرۆکاییەتی نەسڕ

وتاری دکتۆر حەیدەر عەبادی لە یادی سێ ساڵەی راگەیاندنی سەرکەوتندا

ئەی گەلی سەروەری عیڕاق:

ئەمڕۆ دەی کانونی یەکەمی ۲۰۱۷ ساڵیادی سەرکەوتنە مەزنەکەمانە بەسەر داعشدا کە مرۆڤ و خاک تێیدا ئازادکرا. وبەم بۆنەیەوە ئەم سەرکەوتنەتان کە جێی سەرسوڕمانی جیهان بوو بەرزدەنرخێنم، چونکە ئیرادەی ئێوە سەرکەوت بەسەر هێزە تاریکپەرست و بەربەرییەکاندا.

لەکاتێکدا بەم بۆنەیەوە سووربوون و قوربانیدانەکانی ئەم گەلە و جەنگاوەرە قارەمانەکانی بەرزدەنرخێنم، هاوکات جەختیشدەکەمەوە لەسەر:

۱. ئەو شەڕانەی کە بەرپامانکرد دژ بە تیرۆر شەڕی مانونەمان و وجوودیبوون بۆ دەوڵەت، وسەرکەوتین لە شەڕی بەدەستهێنانەوەی دەوڵەت و یەکڕیزی گەل لە دەمی تیرۆر و نامۆبوون، وبژاردەی کەوتن و نەمانی عیڕاقمان لەباربرد.

۲. شەڕەکانی ئازادکردن تەنیا شەڕە تەقە و رووبەڕووبوونەوە نەبوو، بەڵکو لە قووڵاییدا شەڕی بەڕێوەبردنی چالاکانەی دەوڵەت بوو لەڕووی ئابووریی و هەواڵگرییەوە و هەروەها راگرتنی هاوسەنگی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی بوو، وتوانیمان توانای ئیدارە و ئیرادەی عیڕاقی بسەلمێنین لە سەرکەوتن لە شەڕە سەرتاسەری و ئاڵۆزەکاندا.

۳. سەرکەوتن بەسەر داعشدا بژاردەی قوتاندانی ناوچەکە و جیهان لەلایەن تیرۆر و وەحشیگەرییەوە لەناوبرد، بۆیە دەبێت ناوچەکە و جیهان کڵاوی رێز بۆ عێڕاق و گەلەکەی و جەنگاوەرەکانی بەرزبکاتەوە، وئەم قەرزەی بدەنەوە.

٤.سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا عیڕاق بوو، وحەیفە سەرکەوتنەکە ببەخشرێت بە بێگانە ئیتر هەر لایەنێک بێت. ئێمە پشتیوانی جیهان بووین، وچاکەمان لەگەڵدا کردن، بەڵام وتوومانە و جەختیشیدەکەینەوە، کەوا خوێن و سەرکەوتنەکە عیڕاقی بوو بە ئیمتیاز، وپشتیوانیکردنی جیهانیش بۆ ئێمە لەپێناو بەرگریکردن بوو لە وڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بۆ ئەوەی دانەڕمێت لەسەر دەستی تیرۆر، وپشتیوانیەکانیانیش بێبەرامبەر نەبوون و تێچوەکانیان درابوو.

٥.لەڕێگەی سەرکەوتنمانەوە بەسەر تیرۆردا توانیمان دەرەنجام وەکو وڵاتێکی یەکپارچە و گەلێکی یەکگرتوو و بە ئابوورییەکی باشتر و سەروەرییەکی چاکەوەبوو لێی بێینەدەر، ومتمانەی جیهانمان بەخۆمان بەدەستهێنا وەکو دەوڵەت و ئیرادەیەکی سیاسی کە لەتوانایدایە گرەوە گەورەکان بباتەوە سەرباری ئاستەنگ و لەمپەرە زەبەلاحەکان.

ئەی گەلی بەخشندە: ئەو دەستکەوتانەی کە دوێنی بە ئیرادە و قوربانیدانەکان ئێوە بەدەستهاتن نابێت پاشەکشێ بکەن. ئێمە بژاردەکانی تیرۆر و تایفەگەری و پارچەپارچەبوون و فەوزامان لەناوبرد، ودەبێت ئەمڕۆ هەمان راستەڕێی ئیدارە و ئیرادە و سەروەریی جێبەجێ بکەین لەگەڵ دەوڵەت و دۆسێیەکاندا لەپێناو مسۆگەرکردنی کەڵەکەبوونی دەستکەوتەکان و کامڵبوونی دەوڵەتدا، نابێت ڕێگەبدەین دووبارە تیرۆر لانەکە درووستبکات و نیشتەجێ ببێتەوە، هەروەها دەبێت بەیەکڕیز بوەستین بەمەبەستی دووبارە نۆژەنکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و بنیادنانەوەی شارەکان و بڵاوکردنەوەی پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی دادپەروەریی، ودەبێت یەکبگرین دژ بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تایفەگەری و فەوزای چەک و لەدەستدەرچوونی گرووپەکان و کۆیلەبوونی ئیرادە بۆ بێگانە.

بردنەوەی گەمەی مانەوەی دەوڵەت و یەکپارچەیی و سەروەرییەکەی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەکانی بەندە بە یەکڕیزی نیشتیمانی و حوکمی کاریگەر و ئیدارەی لێهاتووی دەوڵەتەوە، وهیوای تەواوم بەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەدایکبوونی هاوکێشەیەکی کاریگەری حوکمڕانی چالاک بەخۆیەوە ببینێت کە لە توانایدا بێت وڵات لە قەیرانەکانی دەربهێنێت، ولێرەدا جەختدەکەمەوە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی ئازاد و پاک کە گوزارشت بکات لە ئیرادەی عیڕاقییەکان و داخوازییەکانیان بەرەو چاکسازی و گۆڕانکاریی و بەدەستهێنانی خواستەکانی گەل.

سڵاو لە عیڕاقی دژ بە تێکشکان..

سڵاو لە گەلە نەبزێنراوەکەی.