پاڵپشت بە بانگێشتە بەخشندەکەی سەماحەتی سەید موقتدی ئەلسەدر، و وەکو هاوئاهەنگییەک لەگەڵ داواکارییەکانی گۆڕانکاریی و چاکسازیدا کە راپەڕینە قارەمانەکەی ئۆکتۆبەر گوزارشتی لێکرد، ولە سۆنگەی باوەڕمان بە پێویستی بوونی پابەندبوونگەلێک کە چاکسازیکردنی کۆمەڵگا و دەوڵەت مسۆگەر بکات، وبۆ زامنکردنی پرەنسیپی یەکترتەواوکردن لەنێوان هێز و چالاکی و توێژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، داواکاری دەستپێکردنی جوڵانەوەیەکی رێکخراوین بۆ بەرپاکردنی (پەیماننامەیەکی شەرەف) ئەمەش وەکو چوارچێوەیەک بۆ پرەنسیپە نیشتیمانییەکان کە هەموو هێز و چالاکییە کۆمەڵایەتییە عیڕاقییەکان ناچاری پابەندبوون بکرێن پێیەوەی:
یەکەم/سرووشتی پەیماننامەکە: بریتییە لە پەیماننامەیەکی شەرەفی نیشتیمانی کە پابەندبوونی سیاسی و بەهادار لەخۆ دەگرێت کە شوناسی عیڕاقی و بەها و مۆڕاڵەکانی بپارێزێت، ومسۆگەرکەری سەلامەتی سیستەمە گشتییەکە و حوکمڕانیەکی چاک و پاک بێت، هەروەها زامنکەری ئەدا و مومارەسەکانی هێز و چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بێت لە دەوڵەتدا.
دووەم/ کرۆکی پەیماننامەکە: چوارچێوەیەکی پرەنسیپییە کە رێز لە نەگۆڕ/سەوابتەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت دەگرێت و دەیانپارێزێت لە هەموو دۆخێکدا، ودانانی میکانیزمی واقیعی و پراکتیکاڵ بۆ جێبەجێکردنی.
سێیەم/لایەنی نیشتیمانی پەیماننامەکە: دوورە لە هەر ریزبەندییەکی ئیتینی و تایفی لەسەر ئاستی شوناسی کۆمەڵایەتی یان ژیانی سیاسی یان سیستەمی سیاسی یان بەرەی سیاسی و کاری هەڵبژاردن. لەگەڵ تەواوی رێزگرتنی فرەئیتینی و ئاینی و هەرێمی لە کۆمەڵگاکەماندا.
چوارەم/ئاشتیخوازی پەیماننامەکە: و باوکایەتییە پارێزەرەکەی بۆ هەمووان و لانەدانی بەرەو توندوتیژی لەژێر گوشاری هەر جۆرە دۆخێکدا بێت.
پێنجەم/پابەندییەکانی پەیماننامەکە: پابەندبوونی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان بە پاراستنی بەهاکانی عیڕاق و مۆڕاڵەکانی کۆمەڵگاکەی، وپاراستنی یەکڕیزی و سیستەمەکە و بەرژەوەندییە گشتییەکان، لەوانەش رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لادان و فەوزا و پاشکۆیەتی بۆ بێگانە و چەک و گرووپە سەرەڕۆکان، ولێپرسینەوە لەوانەی کە بوونەهۆی خوێنڕشتن و سنوربەزاندنی حورمەت و سەروەری نیشتیمانی عیڕاق.
شەشەم/ئامانجەکانی پەیماننامەکە:
۱. رێکخستنی رێڕەو و ئەدای گشتی هەموو هێز و چالاکییەکان بەشێوەیەک کە لە خزمەتی چاکەی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتدا بێت.
۲. جیاکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێز و چالاکییانەی کە کاردەکەن دژ بە مۆڕاڵەکانی کۆمەڵگا و چاکی حوکمڕانی و سەلامەتی دەوڵەت.
۳.پابەندکردنی هێز و چالاکییەکان بە بنەماکانی حوکمڕانی ژیرەوە، وتایبەتمەندی شوناس و بەها و مۆڕاڵە عیڕاقییەکان، ولە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی پابەندبوون بەسەلامەتی و چاکسازی و گەشەپێدانی سیستەمی سیاسی تاوەکو بتوانێت داخوازییەکانی گەل بەجێبێنێت و ماف و بەرژەوەندییەکانی مسۆگەر بکات دوور لە هەر جۆرە سەپاندن و ساختەکردنی ئیرادەیەک یان سایە و سێبەرێک یان نامۆبوون یان پاشکۆیەتییەک بۆ بێگانە.