دکتۆر عەبادی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی هەماهەنگی هاوباش و هەڵبژاردنەکان و ئاڵنگارییە داهاتووەکان دەکەن
سەرۆکاییەتی نەسڕ

دکتۆر عەبادی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی هەماهەنگی هاوباش و هەڵبژاردنەکان و ئاڵنگارییە داهاتووەکان دەکەن

دکتۆر حەیدەر عەبادی سەرکردەی هاوپەیمانی نەسڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بەرزانی، چاویکەوت بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەڕێزان فازڵ میرانی و هوشیار زێباری و کەریم سەنجاری لەخۆگرتبوو.

لەدیدارەکەدا تاوتوێی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانی نەسڕ (هاوپەیمانێتی هێزە نیشتیمانییەکانی دەوڵەت) و پارتی دیموکراتی کوردستان کرا لە قۆناغە داهاتووەکەدا، و هەروەها تاوتوێی ئەو ئاڵنگارییە جۆراوجۆرانە کران کە رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە و پێویستییان بە کارکردنی جیددی هەیە بۆ تێپەڕاندنیان.

و جەختیشکرایەوە لەسەر گرنگی پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتیمانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتە هەنووکەییەکاندا بەمەبەستی گەیشتن بە قۆناغێکی سەقامگیری پێویست بۆ ڵاتەکە و نەخزان بۆ نێو بارگرژیی و درووستکردنی گیروگرفت کە دواجار هاوڵاتیان باجەکەی دەدەنەوە.

هەروەها تاوتوێی دۆسێیەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە کرا و دابینکردنی هەموو پێویستییەکانی ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا لە ژێر چاودێرییەکی نێوەدەوڵەتیدا بەپێ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.