دکتۆر عەبادی پێشوازی دەکات لە بەڕێز پەنگین ریکانی و تاوتوێی کۆی دۆخی وڵاتەکە دەکەن
سەرۆکاییەتی نەسڕ

دکتۆر عەبادی پێشوازی دەکات لە بەڕێز پەنگین ریکانی و تاوتوێی کۆی دۆخی وڵاتەکە دەکەن

سەرکردەی هاوپەیمانی نەسڕ دکتۆر حەیدەر عەبادی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە نووسینگەکەی خۆیدا پێشوازیکرد لە بەڕێز پەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی پێشوو و سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە دیدارەکەدا تاوتوێی کۆی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵاتەکە کرا، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی بووەتەوە کە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانە لەپێناو تێپەڕاندنیان و پێشکەشکردنی هەر بابەتێک کە دەچێتە چوارچێوەی خزمەتکردنی هاوڵاتیانەوە.

دکتۆر عەبادی جەختیکردەوە لەوەی وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەنگاو دەنێت و دەبێت لە کەشێکی درووستدا پرۆسەکە بچێت بەڕێوە بەشێوەیەک کە گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەر بکات بەبێ بوونی هیچ جۆرە ساختەکارییەک لە ئەنجامەکاندا.

و دکتۆر عەبادی ئاماژەشی کرد کە گەلی عیڕاقی ئەو گەلەی کە توانی نەهامەتییەکانی پێشوو تێپەڕێنێت هەر لە تیرۆرەوە تا وەکو تایفەگەریی و تا دەگاتە قەیرانە داراییەکەی ساڵی ۲۰۱٤ شایەنی ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی بۆ بدرێت لەپێناو پێشکەشکردنی هەر بابەتێک کە ژیانێکی شایستەی بۆ دابین بکات.

هەروەها بەڕێزیان ستایشی هەماهەنگی نێوان کۆی هێزە ئەمنییە جیاوازەکانمان و پێشمەرگەی کرد لەپێناو ئازادکردنی خاکدا و بەدەستهێنانی سەرکەوتنە گەورەکە بەسەر داعشدا.