چارەکى یەکەمى ساڵى٢٠٢٠
هەڵوێستەکانمان

چارەکى یەکەمى ساڵى٢٠٢٠

لە بەروارى ٣کانوونى دووەمەوە بۆ بەروارى ٢٨ ئازار

3ـى كانونى دووەمى 2020

ئیئتلافى نەسڕ: ئیدانەى کوشتنى سولەیمانى و موهەندیس دەکەین

بەتوندى ئیدانەى ئەو هێرشە ستەمکار و پێشێلکردنە مەترسیدارە دەکەین بۆ سەر سەروەرى نیشتیمانى کە کۆمەڵیک فەرماندە و جەنگاوەرى قارەمانى شەڕى دژ بە داعشى کرد بە ئامانج.

ئێمە لە هەڵوێستەکانى پێشووماندا هۆشداری ئەمێریکامان کرد لە لێکەوتە مەترسیدارەکانى ئۆپراسیۆنى قائیم و هاوشێوەکانى و ئەو دەرەنجامە چاوەڕواننەکراوانەى  کە لێیان دەکەوێتەوە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی و پەیوەندیی هەردوولا.

ئەمڕۆ دووبارە هۆشدارى دەدەین لە پەلکێشکردنى عیڕاق و ناوچەکە بەرەو دەروازەکانى فیتنە و جەنگ یان رۆییکردنى بەرەو تونێلى داڕمانە کۆمەڵایەتیی و سیاسى و ئەمنییەکان کە ئەمەش دەبێت بە بەڵا بۆ سەر گەلانى ناوچەکە، وئێمە راسپاردەى مەرجەعییەتى باڵاى ئاینى دووبارە دەکەینەوە "خۆ کۆنترۆڵکردن و رەفتارکردن بەشێوەیەکى ژیرانە" بۆ ئەوەى عیڕاق و گەلەکەى دووربخەینەوە لە بەدى بەدکاران و تەڵەى تەڵەکەبازان.  

 

---  

 

8ـى كانونى دووەمى 2020

نەسڕ: رەتکردنەوەمان دووپات دەکەینەوە بۆ هەر ململانێیەک یان تەسفیەى حیساباتێکى هەرێمى و نێودەوڵەتى لەسەر حیسابى خوێن و زەوى و سەروەریى عیڕاق

پێشووتر و لە بەروارەکانى 3-1-2020 و29-12-2019 ئیدانەى پێشێلکارییە ئەمێرکییەکانمان کرد بۆ سەر سەروەریى عیڕاق، ئەمڕۆش ئیدانەى پێشێلکارییەکانى ئێران دەکەین بەرامبەر بە سەروەریى عێراق.

ئیمە دوژمنى کەس نین، وداخوازى هاوڕێتى و هەماهەنگیین لەگەڵ هەموو وڵاتانى جیهاندا لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش.

ئێمە رەتکردنەوەى خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ هەر ململانێیەک یان تەسفیە حیساباتێکى هەرێمى و نێودەوڵەتى لەسەر حیسابى خوێن و زەوى و سەروەریى عیڕاق، وپێویستە لەسەر گەل و هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێزە نیشتیمانییەکان یەکپارچەیى وسەقامگیریی وبەرژەوەندییەکانى عیڕاق بپارێزن.
ئێمە بانگەشە دەکەین بۆ یەکگرتویی و سۆڵیدارێتى نیشتیمانى، و بەرژەوەندیی عیڕاق و سەلامەتى گەلەکەى بکەین بە هێڵێکى سوور لە سیاسەتەکانماندا.

 

---  

 

22ـى كانونى دووەمى 2020

نەسڕ: بەرپرسیارێتى دواکەوتنى ناونانى سەرۆکى وەزیران دەخەینە ئەستۆى هێزە سیاسییە سەرەکییەکان

ئیئتلافى نەسڕ ئەو داخرانە سیاسیەى ئێستا دەخاتە ئەستۆى هێزە سیاسییە سەرەکییەکان هەروەها دواکەوتنى ناونانى سەرۆک وەزیرانێکى بێلایەنیش کە بتوانێت بەڕێوەبردنێکى نیشتیمانى کاریگەر بەرپا بکات لە بەجێهێنانى ئەرکەکانى قۆناغە راگوزەرەکەدا .

وئیئتلافى نەسڕ هۆشدارى دەدات بە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە خزانى وڵاتەکە بۆ نێو توندوتیژى و فەوزا و لەباربردنى چارەسەرە ئاشتیخوازە بونیادنەرەکان، وبانگەوازى هێزە سیاسییەکان دەکات بۆ بەرزبوونەوە بۆ ئاستى قەیرانەکە و خۆ ئازادکردن لە مێنتاڵیەتى پشکپشکێنەى حیزبى و بەرژەوەندى بەرتەسک و پاشکۆیەتى لە بڕیارى سیاسیدا، وداواکارە لێیان کە بە جیددى کار بکەن لەگەڵ هێزە گۆڕانخوازە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو بەجێهێنانى داواکارییەکانى گەل لە چاکسازیی و دادپەوەریى و سەروەرییدا.

 

---  

 

29ـى کانونى دووەمى 2020

نەسڕ: “سەفەقەى سەدەکە”ـى ترامب بۆ ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوڕاستدا رەتدەکەینەوە

ئیئتلافى نەسڕ رەتکردنەوەى خۆى بۆ «سەفەقەى سەدەکە» رادەگەیەنێت وبەرپرسیارێتى دەرەنجامەکانى دەخاتە ئەستۆى ئەو لایەنانەى کە تەبەنایان کردووە، وئیئتلافەکە پێى وایە کە نادادپەروەرى وخۆزاڵکردن وسەپاندنى سیاسەتى ئەمرى واقیع ئاشتى و ئاسایشى لێ شین نابێت و پێکەوە ژیان و گەشەکردنى گەلانى ناوچەکەش بەدەستهناهێنێت.

وئیئتلافى نەسڕ داواکارە لە هەموو ئەو دەوڵەتانەى جیهان کە خوازیارى ئاشتیین، ودەزگاکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان وپێشەنگیانیش کۆمکارى وڵاتانى عەربییە، کە ئەم سەفەقەیە رەتبکەنەوە، وپشتیوانى لە مافە رەواکانى گەلى فەلەستین بکەن.

وئیئتلافى نەسڕ جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەى ئەم سەفەقەیە دەبێتە هۆى هەڵکشانى پەشێوى گەل و وڵاتانى ناوچەکە لە کاتێکدا خۆیان دەرگیرى سەرکەوتکارى ونەبوونى دادپەروەرى کۆمەڵایەتیین، ولەژێر بارگرانى فیتنەى تایفەگەرى و هەڕەشەى تیرۆرى رەش و ململانێى نێوان بەرە جیۆسیاسییەکاندا دەژیین، وسەفەقەى سەدەکەش نابێت بە چارەسەرێک بۆیان بەڵکو دەبێتە قەیرانێکى نوێ و ناوچەکەش باجى لێکەوتەکانى دەداتەوە.

 

---  

 

1ـى شووباتى 2020

ئیئتلافى نەسڕ دووبارە جەختدەکاتەوە لەوەى کە ئەو لایەن نییە لە دەستنیشانکردنى پاڵێوراو بۆ سەرۆکاییەتى ئەنجومەنى وەزیران، کە کەسى پاڵێوراو دەبێت جێى متمانەى گەل بێت

ئیئتلافى نەسڕ جەختکردنەوەى خۆى دووپات دەکاتەوە لەسەر ئەوەى ئەو لایەن نییە لە دەستنیشانکردنى پاڵێوراو بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران لەم قۆناغەدا، ودەبێت کەسى پاڵێوراو جێى متمانەى گەل بێت.


وئەوەش رووندەکەینەوە کە کەسى پاڵێوراو دەبێت شیاوى خۆى بسەلمێنێت لەڕێگەى دوورکەوتنەوە لە پشکپشکێنەى بێزراو ولە هەموو ئەوانەش بکۆڵێتەوە کە هۆکاربوون بۆ رشتنى خوێنى بێتاوانى عیڕاقى لەنێو گۆڕەپانەکانى خۆپیشانداندا و لە دەرەوەشى، وچاودێریکردنى بنەماڵەى شەهید و برینداران.
 

وهەرەوها ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەین کە دەبێت کەسى پاڵێوراو شکۆ بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە لەڕێى گێڕانەوەى پارە و پایە دەستبەسەرداگیراوەکانەوە بەبێ هیچ رەوایەتییەک و گێڕانەوەى متمانە بۆ هێزە چەکدارەکان لەپێناو پاراستنى گەل و بەرگریکردنى لێى، وئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى دادپەروەر و پاک.

 

---  

 

15ـى شووباتى 2020

ئیئتتلافى نەسڕ هۆشدارى دەدات لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەى گەندەڵى لەژێر پاساوى (ئیستحقاق)ـدا

ئیئتلافى نەسڕ هۆشداریى دەدات بە هێزە سیاسییەکان لە ئەگەرى دووبارە بەرهەمهێنانەوەى سیستەمى پشکپشکێنەى تایفى و حیزبى کە بونیادە لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە خۆپەرستەکاندا بە بەهانەى ئیستحقاقى پێکهاتەکان یان ئیستحقاقى هەڵبژاردن، وداواکارە لێیان بەدەنگى ئەو ویستە جەماوەرییانەوە بچن کە داخوازى چاکسازییە.


وئیئتلافى نەسڕ جەختدەکاتەوە لەوەى تێپەڕاندنى ئەم قەیرانەى ئێستا، پێویستى بە دەربازکردنى حکومەتى داهاتووە لە قووتدانى لەلایەن حیزبەکانەوە، وبەدەستهێنانى رەزامەندى جەماوەر، وهەروەها تەبەناکردنى ئەرکەکانى قۆناغە راگوزەرەکە و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە بە رۆحییەتێکى نیشتیمانى بەرپرسیارانە و بێلایەن و قارەمانەوە.


وئیئتلافى نەسڕ داخوازى سۆڵیدارێتى نیشتیمانییە بەمەبەستى پاراستنى وڵاتەکە وئاسانکارى بۆ ئەرکەکانى چاکسازی جەوهەریى بۆ بونیادى سیستەمە سیاسییەکە بەدوور لە پشکپشکێنە و گەندەڵى و گۆشەگیربوونى ئیرادەى نیشتیمانى.

 

---  

 

٤ی ئازاری 2020

عەبادی دیدی خۆی بۆ چارەسەر دەخاتەڕوو:

حکومەتێکی سەربەخۆ بە بەشداریپێکردنی چالاکوانان، و لیژنەی سەرپەرشتیاریی هاوبەش

داواکارین لە هەموو لایەنەکان چارەسەری هاوسۆز و یەکگرتوو بگرنە بەر کە وڵات دەربێنت لەم قەیرانەی ئێستای، و پێویستە حەکیمانە و بە رۆحێکی چارەسەرخوازانەوە مامەڵە بکرێت دوور له بەرژەوەندی بەرتەسک و خواستنی پێگەی باڵا و سەرکێشی کردن.

بۆیە بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی نەمانی متمانە و بۆشایی دەسەڵات، و لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە، ئەم دەستپێشخەرییەی خوارەوە دەخەینەڕوو:

۱. فەخامەتی سەرۆک کۆمار کەسایەتییەکی سەربەخۆ و لێهاتوو و بەهێز رابسپێرێت بە پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی ۱٥ رۆژدا.

۲. پێکهێنانی حکومەتێکی پچوکراوە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغە راگوزەرەکە(ئینتیقالی) بە مەرجێک کە تەمەنی حکومەتەکە لە یەک ساڵ زیاتر درێژە نەکێشێت لە بەراوری بەدەستەوەگرتنی بەرپرسیارێتییەکانییەوە.

۳. بەرپرسیارێتییە بنچینەییەکانی حکومەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاکی پێشوەختەیە بەهاوبەشی لەگەڵ "یۆنامی" و لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لە (۳۱ کانونی یەکەمی ۲۰۲۰) تێنەپەڕێت، و دەستەبەرکردنی ئاسایش، و سنووردارکردنی چەک و گێڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، و ئەوانەی تاوانبارن دژ بە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بدرێنە دادگا، و بێلایەنی قەراری نیشتیمانی.

٤. ئیلزامکردنی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بە پێکهێنانی حکومەتێکی دوور لە موحاسەسەی حیزبی بەرتەسک لەگەڵ پاراستنی بەشداریپێکردنی فرەچەشنی کۆمەڵگای نیشتیمانی.

٥. بەشداریپێکردنی توانستە پیشەییەکان و کەسانی چالاکی نێو حکومەت، و دانانی راوێژکارێک بۆ سەرۆکی وەزیران بۆ کاروباری داواکارییە جەماوەرییەکان، ئەمەش بەمەبەستی بەشداریپێکردنی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی قۆناغە ئینتیقالییەکەدا.

٦. پێکهێنانی لیژنەی تایبەت (سێ لایەنە) کە لە حکومەت و یۆنامی و خۆپیشاندەران پێکبێت، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم ئەرکانە: ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لیژنە تایبەتەکان لە کەیسی کوشتنی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا، گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکانی عێراق.

 

---  

 

۷ـی ئازاری ۲۰۲۰

ئیئتلافی نەسڕ: زەنگی مەترسیی لێدەدەین کە کورتهێنانێکی دارایی بەڕێوەیە و وڵات ئیفلیج دەکات.

ئیئتلافی نەسڕ هۆشداری دەدات لە "کورتهێنانێکی دارایی/عجز مالي" کە دەوڵەت پەک دەخات لە بەجێهێنانی ئیلتیزاماتەکانی خۆی، و وڵات رووبەڕووی داڕمانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتە دارایی و ئابوورییە کڵۆڵەی پەیڕەو کراوە کە بوو بە هۆکاری ئەم کورتهێنانە دارایی و ئابوورییە.

شکستهێنانی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەکانی حکومەتی ئێستا، و بە هۆی سیاسەتی خەرجییە مەسرەفگەرا گەندەڵەکانییەوە یارمەتیدەربوون بۆ گەیاندمان بۆ نێو ئەم بازنە ترسناکە لەڕووی دارایی و ئابوورییوە، چونکە لە ئێستادا کورتهێنان لە بۆدجە زیاد لە ٥۰ ترلیۆن دینارە و ئەمەش لە زیادبوونێکی بەردەوامدایە، ئەمە لە کاتێکدا دێت سەرەڕای ئەو باڵانسە داراییە زەبەلاحەی کە لە حکومەتی پێشووترەوە بۆ حکومەتی ئێستا بەجێ مابوو و بەدەستییەوە گرت بەڵام لەناویدا، و ئەو دابەزینە چاوەڕوانکراوەی ئێستای نرخی نەوت دەوڵەت دەخاتە خانەی کورتهێنان و پەککەوتن لە پێدانی مووچە و بۆدجەی کارپێکردن (تشغیلي) له کۆتایی ئەمساڵدا.

ئەو پاشەکشێ گەورەیەی کە لە بازاڕی دراوی جیهانیدا روودەدات، و دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت، و کاریگەری پەتا و ناوەندە گرژییە جیهانییەکان، بوو بەهۆی پاشەکشێییەکی مەترسیدار لە جووڵەی ئابووری نێودەڵەتیدا، و لە ئێستادا مەترسی وەستانێکی ئابووری (رکود) لە هەموو کاتێکی تر بۆمان نزیکترە، و عیڕاق لە هەموو لایەک زیاتر کراوەیە بەسەر ئەگەری تووشبوونی بەو گورزە ئابوورییانە بەهۆی سیاسەتی ناژیرانەی حکومەتی ئێستاوە کە دەگاتە ئاستی ناپاکی کردن و خیانەتی ئەمانەتی حوکمڕانی.

وئیئتلافی نەسڕ پێیوایە کە لە نەبوونی دیدێکی دارایی و ئابووری، و بەردەوامیی گەندەڵی موحاسەسە، ولاوازی دەسەڵاتی دەوڵەت لە کۆنترۆڵکردنی دەزگاکانی خۆیدا، وشکستهێنانی لە بەڕێوەبردنێکی چالاکانەی حوکمدا، و بەتاڵانبردنی سامانەکانی وڵات لەلایەن ناوەندەکانی هێزەوە، هەموو ئەمانه هۆکارن بۆ گەیاندنی وڵات بە کارەساتێکی ئابووری ئێمە هۆشداری دەدەین لەوەی عیڕاق تێی بکەوێت، و بەرپرسیارییەتەکەی دەخەینە ئەستۆی حکومەت و ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرهەمهێنەری بوون و کە ئەمڕۆش ڕێگری دەکەن لە راسپردن بە پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆی کاریگەر، ئێمە تەواوی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و مێژووییان دەخەینە ئەستۆ دەربارەی ئەوەی عیڕاق لەداهاتوودا دەرگیری دەبێت.

 

---  

 

۱۰ ـی ئازاری ۲۰۲۰

ئیئتلافی نەسڕ: ئێمە بەشێک نین لە بەرەیەک لەسەر بنەماى تایفیی و ئیتیکی

ئیئتلافی نەسڕ دووبارە جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی بەردەوام پێداگری لەسەر کردووە، ئیتئلافەکە دژ بەهەر جۆرە هاوپەیمانێتییەکی تایفییە، چونکە قەیرانی سیستەمە سیاسییەکه بەهۆی ئەو بەرە ئیتیکیی و تائیفیی و بەش بەشێنەیەیە کە دامەزرێنەری سیستەمی پێکهاتەکانە لەسەر حیسابی سیستەمی بە هاوڵاتیبوون.

و ئیئتلافی نەسڕ جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە بەشێک نییە لە هیچ بەرەیەک لەسەر بنەمای تایفی و ئیتیکی، و "نەسڕ" کەیانێکی نیشتیمانییە، و ئێستا و پێشووتریش سیاسەت و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەموو قەوارە سیاسییەکاندا دەبەستێت هەروەها لەگەڵ هەموو نوخبەی نیشتیمانیی و چالاکوانانی کۆمەڵگا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ ئەو قەیرانە نیشتیمانییە هەنوکەییە.

 

---  

 

۱۳ـی ئازاری ۲۰۲۰

ئیئتلافی نەسڕ: دوا شت کە عیڕاق پێویستێتی، بوونیەتی بە گۆڕەپانێک بۆ تەسفیەی حیساب

ئیئتلافی نەسڕ ئیدانەی هەموو جۆرە هێرش و هەڵسوکەوتێک دەکات کە ژیانی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی سیادە و سەروەری نیشتیمانیی، و دوا شت کە عیڕاق پێویستی پێیەتی بوونیەتی بە گۆڕەپانێک بۆ تەسفیەی حیساب، ئێمە قەیرانی سەروزیادمان هەیە بەهۆی شکستی حکومەت لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا هەروەها فرەیی ناوەندەکانی بڕیار لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکاندا.

ئیئتلافی نەسڕ جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی برپرسیارێتی خوێن و بەرژەوەندیی و سەروەریی عیڕاق و عیڕاقییەکان بەندە بە مامەڵەی حەکیمانە و هاوسەنگی ناوەندەکانی بڕیاری عیراقییەوە، و ئەمڕۆ ئەم ناوەندانە دەبێت هاوبەش و هاوکار بێت لە بەرزکردنەوەی قورسایی دەوڵەت و دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ قەیرانی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی کە لە توانایدا بێت بە شێوەیەکی بەهێز و توانادار ئیدارەی وڵات بەڕێوەبەرێت بەمەبەستی سنوور دانان بۆ پێشێلکردنی سەروەرییەکەمان و دەستوەردان لە پرسە نیشتیمانییەکانمان.

هیچ کات سەقامگیریی و بەرپەرچدانەوە و سەروەریی زامن ناکرێت بە بێ بوونی دەوڵەت، و حکومەتێکی نیشتیمانی چالاک و یەکگرتوو و هاوبەش لەگەڵ گەلەکەیدا.

 

---

 

۱٦ـى ئازاری ۲۰۲۰

ئیئتلافی نەسڕ: نابین بە لەمپەر بەرامبەر بە هەر کاندیدێک گەر کەسێکی نیشتیمانیی بێت و بتوانێت داواکانی گەل بەجێ بێنێت.

لە سۆنگەی برپرسیارێتیمانەوە بەرامبەر بە گەل و نیشتیمان، ئیئتلافی نەسڕ لە ئێستا و لە رابردووشدا بەشدارە لە کۆبوونەوە و راوێژکردن لەگەل هێزە سیاسییەکان و نوخبەی کۆمەڵگا و چالاکوانانی گۆڕەپانەکاندا بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی نیشتیمانیی بۆ ئەو قەیرانەی ئێستای عیڕاق. ئیئتلافی نەسڕ هەمیشە جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی کەسی راسپێردراو و ئەرکەکانی قۆناغە راگوزەرەکە (ئینتیقالی)، بۆیە لێرەدا هەڵوێستمان لەسەر هەر کاندیدێک پوخت و کورت دەبێتەوە لە جەختکردنەوەکانمان لەسەر پێوەر و ئەرکەکان و جێبەجێکردنی داخوازێکانی گەل، و نەسڕ بەهیچ شێوەیەک نابێت بە لەمپەر لە بەرامبەر هەر کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی وەزیران، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەم دید و بۆچوونانەی خوارە:

۱. دەبێت کەسی راسپێردراو نیشتیمانیی و بێلایەن و دەستپاک بێت لە بەڕێوەبردنی حکوم.

۲. کەسی راسپێردراو حکومەتێکی بچوکراوە پێک دێنێت بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغە ئینتیقالییەکە و نابێت حکومەتەکەی ساڵێک زیاتر بەردەوام بێت لە بەرواری بەدەستەوەگرتنی بەرپرسیارێتێکانییەوە.

۳. ئەرکەکانی حکومەتی داهاتوو بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە و پاک بە هاوبەشی لەگەڵ یۆنامی ئەمەش لە ماوەیەکدا کە 31_ 12_2020 تێنەپەڕێنێت، هەروەها تاوەنبارانی دژ بە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بدات بە دادگا، و بێلایەنی بڕیاری نیشتیمانی رابگرێت.

٤. ئیلزامکرنی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بە پێکهێنانی حکومەتێک دوور لە بەشبەشێنەی قێزەوەن و لەگەڵ پاراستنی بەشداریپێکردنی پێکهاتەی فرەچەشنی نیشتیمانیی.

٥. بەشداریپێکردنی توانا پیشەییەکان و کەسە چالاکەکانی نێو حکومەت، و دەستنیشانکردنی راوێژکارێک بۆ سەرۆکی وەزیران بۆ کاروباری داخوازییە جەماوەرییەکان، بۆ زامنکردنی بەشداریپێکردنی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی قۆناغە ئینتیقالییەکەدا.

٦. پێکهێنانی لیژنەی تایبەتی سێ قۆڵی لە حکومەت و یۆنامی و خۆپیشاندەران، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم ئەرکانە: ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لیژنە لێکوڵینەوەکان تایبەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.

 

---  

 

۱۷ـی ئازاری ۲۰۲۰

ئیئتلافی نەسڕ. هیوامان بە قۆناغێکی راگوزەر (ئینتیقالی)ـیە کە چاکسازایی بەدەست بێنێت.

ئیئتلافی نەسڕ جەختدەکاتەوە لەوەی راسپاردنی برامان بەڕێز "عەدنان ئەلزەرفی" لەسەر بنەمای ئەو پێوەر و خەسڵەتانە بوو کە قەوارە سیاسییەکان دیارییان کردبوو هەروەها بەهۆی ئەو پەیڕەوە سیاسییە نێوانگیرە (وەسەتی)ـیەوەیە کە ناوبراو شوێنکەوتوو و پەیڕەوکارێتی، ئەمە لە کاتێکدا دێت کە ململانێیەکی کوتلەبازیی تووند دەگوزەرێت.

و ئیئتلافی نەسڕ جەختدەکاتەوە لەوەی کە ئەرکەکانی قۆناغە ئینتیقالییەکە بنچینەیییە بۆ سەرکەوتنی راسپاردنکە، و و پێشەنگی ئەم ئەرکانە بەدەستهێنانی هەڵبژاردنێکی پاکە و زامنکردنی بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو و بەهێزی دەوڵەتە دوور لە گەندەڵی و بەرژەوەندی بەشبەشێنە و فەوزای سیاقە کۆنەکان.

ئیئتلافی نەسڕ پێیوایە، ئەو چاکسازییەی کە گەل داخوازێتی بەندە بە بوونی حکومەتێکی دەستپاک و چالاک و سۆلیدار لەگەڵ گەل و هێزە چاکەخوازەکاندا، هەروەکو چۆن لە حکومڕانی ساڵانی 2014-2018 روویدا کە تێیدا حکومەت و گەل و هێزە چاکەخوازەکان توانیان سەرکەوتن بەدەستبێنن لە شەڕەکانی ئازادکردنی ناوچەی ژێر دەستی تێرۆر و شەڕەکانی یەکخستنەوەی وڵات و سەروەریی و چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکە. و هیوامان وایە لەسایەی سۆلیدارێتییەکی نیشتیمانیدا، ئامانجی پێویست و باش لە قۆناغە ئینتیقالییەکەدا بەدەست بێنین کە ببێت بە بنچینە بۆ داهاتوویەکی باشتری گەل و نیشتیمانەکەمان.

 

---  

 

28 ـى ئازارى 2020

ئیئتلافی نەسڕ: بژاردەی <<چاپکردنی دراو>>، وێرانکردنی ئابوورییە و دەبێت پەرلەمان لێپێچینەوە لە حکومەت بکات.

"عەلی ئەلسنێد" ئەندامی ئیئتلافی نەسڕ جەختی لەوە کردەوە: ئەو بژاردانەی کە رۆژی هەینی سەرۆکی شانەی بەدواداچوون لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد بەمەبستی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکە، بژاردەی وێرانەکەر و کارەساتاویین بۆ ئاسایشی دارایی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی دەوڵەت، و داوای لە پەرلەمان کرد لێپێچینەوە بکات لەگەڵ حکومەتی ئێستادا بەهۆی ئەو سیاسەتە خەرجییە ملهوڕەیەوە، و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی بەرژەوەندی گشتیدا.

ئەلسنێد ئاماژەیشیدا: حکومەتی ئێستا میراتگری بڕە پارەیەکی زیاد لە پێویست بوو لە حکومەتی عەبادییەوە، ئەو حکومەتەی پێشوو کە جەنگەکانی ئازادکردن و یەکخستنەوەی وڵاتی بەرپاکرد بە کەمترین بودجەی دارایی، سەرەڕای ئەوە توانی بە ئیدارەدانێکی حەکیمانەی سەروەت و سامان ۱٤ ملیار دۆلار تەسلیمی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی بکات، ئەمە بێجگە لە موازەنەی ۲۰۱۹، بەڵام هەموو ئەمانە بەفێڕۆ درا، و ئەوەتا ئەمڕۆ ئێمە لە دەروازەی قەیرانێکی دارایی خنکێنەرداین بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە.

و ئەلسنێد وتی: ئەوەی سەرۆکی شانەی بەدواداچوون باسیکردووە مەترسیدارە و حکومەت رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سیاسیی دەکاتەوە، کاتێک کە ناوبراو دەڵێت: << لێکەوتەکانی دۆخەکە کاریگەری دەبێت بەسەر جومگەکانی دەوڵەت لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە (یەکێک لەوانەش مووچەی فەرمانبەرانە)، هەر بۆیە رەنگە ئەمە پاڵبنێت بە عیڕاقەوە بۆ چاپکردنی دراو وەکو دوا بژاردە>> ئەمە بابەتێکە کۆی دەوڵەت دەخاتە ژێر مەترسییەوە، و نابێت ئەمە بەشێوەیەکی سیاسیانە و بەرژەوندیخوازانە رووپۆش بکرێت لەلایەنە قازانجکردووەکانەوە لەسەر حیسابی وڵات و هاوڵاتیی.

هەروەها ئەلسنێد ئاماژەشی کرد بەوەی هەمیشە ئیئتلافی نەسڕ هۆشداریی داوە لە سیاسەتەکانی بەفێڕۆدان و گەندەڵیی و بەتاڵانبردنی سامان، و داوای فریاکەوتنێکی خێرای قەیرانەکەی کرد، هەروەها دانانی چارەسەری بەسوود و یەکلاکەرەوە بۆ زامنکردنی ئاسایشی دارایی و ئابووریی دەوڵەت.