ئاشتیی مەدەنیانە.. بۆ دەوڵەتێکى قارەمان

لە کەناڵى ئاسمانى (مەیادین) کە لە بەیروتەوە پەخش دەکرێت، وبەهۆى ئەوەى کە من بینەرى بەرنامە رۆشەنبیرییە بەچێژەکەیانم (بیت القصید) گوێم لە (عزالدین میهوبی) شاعیر و رۆمانووسى جەزائیری بوو وتى کە لەم دواییانە کتێبێکى فەڕەنسى خوێندۆتەوە کە لە ساڵى ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە و لە ساڵى ٢٠١١ دووبارە بڵاوکراوەتەوە بەناوى (جیۆپۆڵۆتیکى هەستەکان) کە بە بڕواى نووسەرەکەى جیهانى ئێمە لەڕووى هەستەوە دابەش دەبێت بۆ سێ ناوچە کە بریتیین لە (ناوچەى هیوا) واتا کە هەستکردن بە هیوا تیایاندا زاڵە و ئەمەش وڵاتانى پێشکەوتووى ئاسیا دەگرێتەوە (چین-مالیزیا-ئەندونیسیا-هیندستان-سەنگاپورا...) ودووەمیان (ناوچەى ملکەچبوون) واتا هەستکردن بە ملکەچکردن و سەرکوتکردن بەهۆى هۆکارى جیاوازەوە و ئەمەش وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى دەگرێتەوە.. و سێیەمیان (ناوچەى ترسە) واتا هەستکردن بە ترس و ئەمەش وڵاتانى ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمێرکا دەگرێتەوە.

ولەسەر بنەماى ئەم دابەشکارییە چى ئەگەر گریمانەییى بێت یان واقیعى، لەکوێدا بەر بە ئاشتى مەدەنیانە دەکەوین؟. بێگومان دەتوانین بەئاسانى بەر بەە ئاشتییە بکەوین لە دەوڵەتانى ناوچەى هیوادا، بەڵام زۆر بە ئەستەمى بەر بەم ئاشتی مەدەنییە دەکەوین لە دەوڵەتانى ناوچەى ترس و ملەکەچبوون، رەنگە لە دەوڵەتانى ناوچەى ترسدا بەئاسانى بەر بە ئاشتى چەکدارانەى نەرم و ژیر و نەرم و زۆر ژیر بکەوین، ولە وڵاتانى ناوچەى ملکەچبوون بە ئاسانى بەر بە ئاشتى چەکدارانەى زبر و زۆر زبر دەکەوین.

ئەگەر وا قەرارە بیرکردنەوە لە بەرکەوتن بە ئاشتى مەدەنیانە لە مێشکى خۆماندا دەربکەین لە  سیستەمى وڵاتانى ملکەچبوونى تۆتالیتاردا کەواتە چۆن وەهم بکەین بە (گێڕانەوەى) ئاشتى مەدەنیانە بۆیان لە کاتێکدا کە جۆرە ئاشتییەکە هەر لە بنەڕەتەوە تێیاندا بوونى نەبووە؟

بەڕاستى نالۆژیکە گێڕانەوەى شتێک کە لە بنەڕەتدا بوونى نەبووە بۆ بوون، بەڵام پێویستى بەم شتە نەبووە (ئاشتى مەدەنیانە) لەم وڵاتانەدا پێویستییەکە کە شایەنى ئەرککێشانە لەپێناویدا بۆ دۆزینەوەى، وعیڕاق پێویستى بە ئاشتى مەدەنیانەیە چونکە ئاشتییەکە پێشووتر بوونى نەبووە و لە ئێستاشدا بوونى نییە بەشێوەیەکى تەواو یان بەشێوەیەکى پێگەیشتوو و رێکخراو تا ئەم ساتەش، بۆیە ئەو کەسانە تووشى وەهم هاتوون کە پێیان وایە ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارەى پێشوو کە عیڕاق دەرگیرى بوو بۆ چەندین دەیە ئاشتى مەدەنیانەى بەدەست هێناوە، ئەوانەشى ئەمرۆ بیر دەکەنەوە لە (گێڕانەوەى) ئەو ئاشتییە مەدەنییە جاڕبۆکێشراوە تووشى وەهمى گەورەتر هاتوون، ئەم وەهمە تووشى ئەوانەیش بوو کە پێیان وایە ئەم رژێمە تۆتالیتارە هەر بەفیعلى توانى ئاشتى چەکدارانەى زۆر زبر بەدەستبهێنێت لەڕێى سەرکوتکردن و ترس و ملکەچکردنەوە. دەرەنجام هیچ روویەکى درووست نییە بۆ وتنەوەى درووشمى (گێڕانەوەى ئاشتى مەدەنى) لە عیڕاقدا.

 

هەروەها نابێت وا تێبگەین لە بانگەوازى ژیرەکان بۆ دەوڵەتێکى عیڕاقى بەهێز کە بانگەوازێکە بۆ دەسەڵاتێکى دڕندە بەسەر هاوڵاتیاندا هاوشێوەى دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان هاوکات نابێت وا لێى تێبگەین کە بانگەوازێکە بۆ دەسەڵاتێکى سست و شەرمۆک بەرامبەر بە نەیارەکانى خۆى هاوشێوەى کەیانەکانى پێش درووستبوونى دەوڵەت کە لەناوچەى ملکەچبووندا بەچڕى بەربڵاون، بەڵکو دەبێت لە جەنگى عەقڵى عیڕاقى تێبگەین لەپێناو ژیربوون و درکردن بەوەى کە جەنگێکە لەپێناو بونیادنانى دەوڵەتێکى عیڕاقى بەهێزە و ئەم هێزە لە هاوڵاتییەکانییەوە بەدەست دێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەى نەیارەکانى لە ناوخۆ و دەرەوەدا، ئەو دەوڵەتە بێت کە هێزەکەى بەکاردێنێت لەگەڵ هاوڵاتیاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەى پاشکۆیەتى و تیرۆر و پشکپشکێنە و گەندەڵیی و تایفەگەریی و بێکاریی و نەخوێندەواریی.

بەواتایەکى وردتر ئەو دەوڵەتەى کە بۆ عیڕاق خوازراو و گونجاوە بریتییە لە دەوڵەتێکى بەهێز و فرەڕەنگ نەک دەوڵەتێکى بەهێزى تۆتالیتار. وکاتێک دێین و بەراوردێکى سەرەتایى دەکەین لەنێوان فەرەڕەنگ، ئەو ناهاوبەشەمان بۆ ئاشکرا دەبێت لەنێوان دەوڵەتێکى بەهێزى تۆتالیتار کە گرفتەکانى بە ئارەزوومەندکردنێکى گەندەڵانانە یان بە تیرۆرێکى چەکدارانە چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا لە دەوڵەتێکى بەهێزى فرەڕەنگدا مامەڵە دەکرێت لەگەڵ گرفتەکاندا بە دیالۆک تا گەیشتن بە یەکلاییکردنەوە. لە دەوڵەتى یەکەمیاندا تێڕوانین تاکلایەنەیە (تیۆرى دەسەڵات) و یەک دەنگ (دەنگى کەمینەیەکى دەسەڵاتدار) و یەک راستێتى (راستێتى دەسەڵاتدار)، بەڵام لە دەوڵەتى دووەمیاندا تێڕوانینەکە فراوان و فرەڕەنگە (تێڕوانینى گەل) و دەنگەکە فرەڕەنگە (دەنگى نوێنەرانى هەڵبژێردراوى گەل) و راستێتى و حەقیقەت فرەڕەنگە (راستێتى دامودەزگا دەستوورییەکان).

کاتێک کە دەوڵەتێکى بەهێز هەڵگرى ئەم خەسڵەتانە بێت، دەبێت بە دەوڵەتێکى قارەمان، کە بەڕاستى دەتوانێت ئاشتى مەدەنیانە بونیاد بنێت، چونکە قارەمانێتى فەزیڵەتى نێوان دوو رەزیڵەتە بەڕاى (ئیفلاتوون) کە بریتیین لە ملهوڕیى و ترسنۆکى!!!

دەوڵەتى قارەمان ئەو دەوڵەتەیە کە دەستبەردارى قارەمانێتى نابێت بۆ ئەوەى نەبێت بە دەوڵەتێکى ترسنۆک هاوکات دەوڵەتێکە کە زێدەڕەوى ناکات لە قارەمانێتى بۆ ئەوەى نەبێت بە دەوڵەتێکى ملهوڕ.