- پاڵپشت بە شێوازى حوکمڕانى کاریگەر، نەسڕ بە رابەرایەتى عەبادى ئامانجى:
یەکەم: تەواوکردنى ئەرکەکانى بونیادنانى دەوڵەتى هاوڵاتیبوون نەک دەوڵەتى پێکهاتەکان، دەوڵەتى یەکگرتوو نەک دەوڵەتى کانتۆنە سیاسییەکان، ئەو دەوڵەتەى کە دەستگرتووە بەسەر هێز و چەکدا و رێگرە لە ئاشووب و لەدەستدەرچوون و کەڵەگابوونى گرووپەکان بەسەریادا، دەوڵەتى سەروەر نەک دەوڵەتى پاشکۆ بۆ بیانییەکان، ئیتر هەر بیانییەک بێت، دەوڵەتى خزمەتکار نەک دەوڵەتى خزمەتکراو.
دووەم: سەپاندنى سەروەریى دەوڵەت و هێزە دەستووریی و یاساییەکەى دوور لە خزمەتکردنى بەرژەوەندییە سیاسییە بەرتەسکەکان، ودوور لە دەستگێڕى سیاسى کە دەستوورى پەکخست و بکەریی و سەروەریى دەوڵەتیشى ئیفلیجکرد،.. ئێمە بەردەوام دەبین لە تەواوکردنى جێبەجێکردنى پێوەرەکانى عەدالەت و یەکسانى بۆ هەمووان، چونکە زەوى و سامان و سەروەریى بۆ هەمووانە،.. لێرەوەیە کە رێکخستنى پەیوەندیییەکان(لەسەر بنەمایەکى دەستوورى و قانونى) پتەو دەکەین لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عیڕاقدا، وپشتگیریش لە پەیڕەوى لامەرکەزى دسپلیندار دەکەین بۆ بونیادە ئیدارى و داراییەکانى دەوڵەت، وهێزى مەرکەز پتەو دەکەین وەکو ناوکێکى حوکمڕانى ئیتیحادى بەهێز، وپەیوەندى هەمەلایەنە درووست دەکەین لەگەڵ وڵاتانى جیهاندا کە بونیاد بێت لەسەر رێزگرتن و بەرژەوەندى هاوبەش دوور لە پاشکۆبوون یان هەژموون یان دەستێوەردان.
سێیەم: بونیادنانى حوکمڕانییەکى کاریگەر لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا کە گەرەنتى رێکخستنى دەوڵەت و دەزگاکانى و خزمەتگوزاریى و ئەرکەکانى بکات، لەوانە نەهێشتنى گەندەڵى و بەفێڕۆدان و زیادەڕەویکردن بۆ سەر موڵکى گشتى، ودەزگاکانى دەوڵەت پێشدەخەین لەوانەش دەزگاى سەربازیى و ئەمنییەکان، وبەپێى یاسا ئاسایش دەسەپێنین لە شارەکاندا بەمەبەستى بەرقەرارکردنى سەقامگیریى، وبە تووندى رووبەڕووى هەر جۆرە چەک و گرووپێک دەبینەوە کە لەدەرەوەى چێوەى دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی بن.
چوارەم: هەڵساندنەوەى واقیعی ئابوورى و دارایی و بازرگانى و پیشەسازى و کشتوکاڵى و فێرکارى لەسەر بنەماى زانستى و گەشەپێکردن، کرۆکى ئەو پرسانەیە کە پلانیان بۆ دادەنێین و خوازاری بەدەستهێنانین، وتوێژینەوەى سەرتاپاگیرمان ئامادەکردووە بۆ هەڵساندنەوەى ئەم سێکتەرانە لەوانەش دووبارە نۆژەنکردنەوەى خزمەتگوزارییەکانە بۆ هەموو شارەکانى عیڕاق، وگێڕانەوى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانى خۆیان و بونیادنانەوەى شارەکانیان و چارەسەرکردنى پاشماوەکانى تیرۆر، لەوانەش پێشخستنى کارى ئەو دەزگایانەى دەوڵەت کە پەیوەستن بە توێژە فەرامۆشکراو و هەژار و خاوەن قوربانییەکان و هەروەها کەسانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ئەمش لەرێگەى پڕۆژە کۆمەڵایەتییە نیشتیمانییەکانەوە بۆ پتەوکردنى پێکەوە ژیان و سەقامگیریی و ئاشتى بەردەوام.
- پاڵپشت بە دیدگاکەمان، ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێگردنى ئەوەى پلانمان بۆ داڕشت پاش ئەوەى رزگارکردن و یەکگرتنەوەى خاکى دەوڵەتمان بەدەستهێنا، ئێمە پلانمان داڕشت بۆ جێبەجێکردنى :
- پلانى گەشەپیکردنى نیشتیمانى ٢٠١٨-٢٠٢٢، و دیدى عیڕاق ٢٠٣٠، وستراتیژى کەمکردنەوى هەژاریی ٢٠١٨-٢٠٢٢.
- زیادکردنى رێژەى بەرهەمهێنانى نەوت و غاز و بەدەستهێنانى (ئیکتیفاى زاتى) لە بەرهەمە نەوتییەکان، وزیادکردنى رێژەى بەرهەمهێنانى کارەبا بۆ ٣٠ هزار مێگاوات.
- کۆکردنەوەى سەرچاوە داراییە ناوخۆییەکان، وجێبەجێکردنى ستراتیژى شموولى دارایى، و پاڵپشتیکردنى پڕۆژەى سندوقى قەرزە کۆکراوەکان، و پێشخستنى بازاڕى سەرمایە وکەرەستەکانى قەرز، وفراوانکردنى پچووکترین تەمویل.
- کاراکردنى ستراتیژى پیشەسازى ٢٠٣٠، وپاڵپشتیکردنى پیشەسازییە ستراتیژییەکان، ودرووستکردنى یەکە و شارە پیشەسازییەکان، وپاراستنى تەشریعیی بۆ بەرهەمهێنەر و بەکاربەر، وچاکسازى تەشریعى و رێکخستن بۆ کەرتى تەئمین.
- تەواوکردنى بەندەرى فاو، وبەرزکردنەوەى تواناکانى بەندەر و رێچکە دەریاییەکان، ونوێکردنەوى سیستەمى هێڵى ئاسنین و دامەزراندنى تۆڕى پەیوەست بوون بە وڵاتانى دراوسێیەوە، وپێشخستنى رێگاکانى گواستنەوە دەرەکییەکان، وجێبەجێکردنى سیستەمى کۆنترۆڵى هاتوچۆى سەرتاپاگیر.
- چاککردنەوەیەکى سەرتاپایى بۆ بنچینەکانى پرۆسەى پەروەردەیى، وجەختکردنەوە لەسەر بەخۆڕایى خوێندن، وتەباناکردنى هەڵمەتێکى نیشتیمانى بۆ درووستکردنى ٤٠٠ بیناى فێرخوازى، ودرووستکردنى شارى زانکۆیى .
- پەیتا پەیتا هەنگاونان بەرەو گەرەنتى تەندرووستى، وبەرزکردنەوەى رۆڵى ناوەندە تەندرووستییە بنەڕەتییەکان .
- هەڵمەتى نیشتیمانى بۆ درووستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بە رێژەیەک کە مەتر نەبێت لە یەک ملیۆن یەکە لە ماوەى ٤ ساڵدا.
- گەرەنتیکردنى داخوازى ساڵانە لەسەر ئاو لەگەڵ سیاسەتێکى کاریگەر بۆ رێژەى ئاودان، وزیادکردنى رێژەى بەشداریکردنى کەرتى کشتوکاڵى لە داهاتى ناوخۆدا بە رێژەى ٨%.
- چاککردنەوەى سیستەمى کۆبۆنى خۆراکى، وکارکردن بە یاساى گەرەنتى کۆمەڵایەتى، ودامەزراندنى سندوقى کۆمەڵایەتى بۆ گەشەپێدان.
- گەشەپیدانى ژینگەى وەبەرهێنان و کاراکردنى دەزگا و یاساکانى، وپاڵپشتیکردنى کەرتى تایبەت و دۆزینەوەى هاوبەشى و شەراکەت لەگەڵیدا بەمەبەستى دابینکردنى هەلى کار و هەڵساندنەوەى ئابوورى.