سوپاس بۆ بەڕێز عەبادی
دەربارەمان نووسرا

سوپاس بۆ بەڕێز عەبادی

شوان داودی

لەماوەی چوار ساڵی پەرلەمانتاریم لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واتا لەسەردەمی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی، بەدرێژایی ئەو چوار ساڵە بۆ یەك رۆژیش لەگەڵ سیاسەتەكانی عەبادی هاوڕا نەبووم، بەڵكو دژایەتیشم دەكرد، چی لە رێگەی لیژنە پەرلەمانیەكەمەوە چی لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا چی لەڕێی راگەیاندنەوە، دەنگم بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە دوو وەزیرو سەرۆكی دەستەیەك لە حكومەتەكەی دا، خوازیاری ئەوەش بووم متمانە لە خودی عەبادی وەربگیرێتەوە، لە كۆتاییەكانی مانگی ئاداری ئەمساڵدا دوای ئەوەی لە حكومەت دووركەوتۆتەوە، لە دوو دیداری جیاوازدا لە هەردوو كەناڵی “دجلە وNRT”ـدا كۆمەڵێك پرسی گرنگی ورووژاند، چ سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و چ سەبارەت بە ریفرادۆم و چ سەبارەت بە كەركوك، ئەم پرسانەش هەمووی پەیوەستن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان.

یەكەمیان لە كەناڵی “دجلە” باسی لەو رێككەوتنە كرد كە لەنێوان حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرشتی ئەمریكییەكان كرا، كە تیایدا لەسەر ئەوە رێككەوتن بەرامبەر بە (430) ملیۆن دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە كورد بەشداری ئازادكردنی موسڵ بكات و دوای ئازادكردنیشی هێزەكانی پێشمەرگە سەرجەمیان بگەڕێنەوە بۆ سنوورەكانی (2014) واتا پێش هاتنی داعش و داگیركردنی ئەو ناوچانە.

هەر لە كەناڵی “دجلە” سەبارەت بە رووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی نەكراوە، بەپێچەوانەوە بۆ كشانەوەی پێشمەرگە رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا هەبووە، وە وتی ئەوەی بەشێك لە یەكێتی كردیان رێگریكردن بووە لە خوێنڕشتن، وەجەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی كاتێك ئاگاداربۆتەوە هیچ رێگایەكی تری لەبەردەمدا نەماوە.

لە كەناڵی  (NRT)یش پرسێكی لەوانی پێشتر مەترسیداری ورووژاند، ئەویش ئەوەبوو كە وتی من واتا (عەبادی) رێگربووم لەبەردەم دابەشكردنی هەرێم ئەویش دوای ئەوەی هەرێم بڕیاری ریفراندۆمی دا، هەریەك لە ئێران و توركیا داوایان لێكردم كە بانگیان بكەم بۆ هاوكاریكردنی عێراق بۆ رێگریكردن لە ریفراندۆم بەو بیانووە هەرێم دابەش بكەن، (عەبادی) لە دیدارەكەدا بە تەحەداوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ئەو قبووڵی نەبووە هەرێم دابەشبكرێت.

بە حوكمی ئەوەی خۆم لە بەغدا بووم و ئاگاداری زۆرێك لە پرسە سیاسییەكان بووم هەموو قسەكانی عەبادی لەو دوو دیدارە بەداخەوە دەیڵێم راستن! .

لەدوای دیدارەكەی كەناڵی “دجلە” بارەگای بارزانی وەڵامێكیان دایەوەو دواتر خۆیان لەو وەڵامە بێبەری كرد.

لەدوای دیدارەكەی (NRT) یەوە چاوەڕێم پارتی یان یەكێتی یان هەر حیزبێكی تر وەڵامێكی بدەنەوە، بڵێن وانییە.. بەداخەوە خۆیان لێ كەڕكرد!

بەوپێیەی بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵەی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان قەوارەی هەرێمی كوردستانە، ئەو قەوارەیەش لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە بێ باكانە خراوەتە بەر هەڕەشەی لەتبوون و هەڵوەشانەوە، عەبادی رێگری كردووەو پاراستوویەتی، بۆیە ئێمەی كورد ئێستا قەرزاری ئەو پیاوەین.. دەبێت سوپاسگوزاری بین

 

https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=554