دکتۆر عەبادی پێشوازی دەکات لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاتوو باڕبڕا لیڤ
سەرۆکاییەتی نەسڕ

دکتۆر عەبادی پێشوازی دەکات لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاتوو باڕبڕا لیڤ

سەرکردەی هاوپەیمانیی نەسڕ دکتۆر حەیدەر عەبادی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە نووسینگەکەی خۆیدا، پێشوازیکرد لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاتوو باڕبڕا لیڤ و شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا، هەروها باس لەو ڕووداوە سیاسییانە کرا کە ڕووبەڕووی عیڕاق بووەتەوە و گرنگیپێدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەقامگیریی وڵاتەکە بەهۆی ئەو گرنگییەی کە لەناوچەکەدا هەیەتی، و هاوکات باس لە گرنگی دیالۆگ کرا بۆ چارەسەرکردنی کۆی گرفتەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان.

هەروەها جەختیشکرایەوە لەسەر پێویستی بەشداریکردنی کۆی لایەنە سیاسییەکان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لێکەوتەکانی ئەو داخرانەی کە پرۆسە سیاسییەکە بەخۆیەوە دەیبینێت کە لە ئێستادا کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون بەسەر سێکتەرەکان و هاوڵاتیاندا، هاوکات پەنانەبردن بۆ توندوتیژیی کە دەبێتە هۆی قڕکردنی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان، ئەمانە و بێجگە لە جەختکردنەوە لە کارکردنی جیددی بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکان و ئەو شکستانەی کە ڕوویانداوە بەشێوەیەک کە گێڕانەوەی عیڕاق بۆ ڕێچکەی درووستی خۆی دەستەبەر بکات.