هاوپەیمانیی نەسڕ: داواکاریین قەیرانەکە سفر بکرێتەوە، و ڕێککەوتن بکرێت لەسەر نەخشەڕێگایەک کە لە دوو قۆناغ پێکهاتبێت
بەیاننامە ودەستپێشخەریی

هاوپەیمانیی نەسڕ: داواکاریین قەیرانەکە سفر بکرێتەوە، و ڕێککەوتن بکرێت لەسەر نەخشەڕێگایەک کە لە دوو قۆناغ پێکهاتبێت

پاش ڕووداوە دڵتەزێن و کارەساتبارەکانی ۲۹-۳۰ ئاب کە شەهید و برینداری لێکەوتەوە و هەناوی نیشتیمانی بریندار کرد، "هاوپەیمانیی نەسڕ" ڕای گشتی و هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان لە دیدگای خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکەدا ئاگەدار دەکاتەوە.

۱. دەبێت کۆی هێزە سیاسییەکان قەیرانەکە سفربکەنەوە، و لاپەڕەی کارەساتی ڕووداوەکانی ۲۹-۳۰ ئابی ۲۰۲۲ و پێشووتری دابخەن، و دەسبکەن بە هەوڵێکی جیددی لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغەکانی چارەسەرێکی نیشتیمانی دەستووری کە کۆی لایەنەکان لەسەری کۆک بن، و لە ماوەیەکی کورتدا بخرێتەڕوو، و دوور بێت لە عەقڵیەتی براوە و ڕۆحییەتی ڕق و شکاندنی ئیرداەی یەکتریی، چونکە هەمووان بران لە نیشتیمان و هاوبەشن لە چارەنووسدا.

۲. هەر جۆرە چارەسەرێک، دەبێت نەخشەڕێگایەکی ڕوون و جێگای پەسەندیی هەمووان بڕیاری لەسەر بدات، و پشت ئەستوور بێت بە بنەمای دەستووریی و یاسایی و دامەزراوەی شەرعیی، و بۆ گەیشتن بەم مەبەستە دەبێت دیالۆگ و ڕۆحییەتێکی پۆزەتیڤانە بەرپابکرێت و هەمووان بەرپرسیارێتییە گشتییەکە بگرنە ئەستۆ، و ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە، و تەنازولاتی هاوبەش بەرپا بکەن، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.

۳. پێمان وایە کە دەبێت ڕێک بکەوین لەسەر نەخشەڕێگایەک کە لە دوو قۆناغ پێکهاتبێت، قۆناغی یەکەمی بریتی بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانە هەنووکەییەکە بەشێوەیەک کۆتایی بهێنێت بە داخرانەکەی ئێستا، و لە قۆناغی دووەمدا ڕێککەوتن بکرێت لەسەر هێڵی پان و ڕوون بۆ چاکسازیی لەپێناو چارەسەرکردنی سیستەمە سیاسییەکە بۆ ئەوەی سیستەمەکە سەربەخۆیانە بتوانێت بە شێوەیەکی خۆیی لەمپەرەکان تێپەڕێنت،  هاوکات لێهاتوو و شیاو بێت و لە توانایدا بێت دەوڵەت بەڕێوەبەرێت.

٤. جەختدەکەینەوە لەسەر دەسپێشخەرییەکەمان کە لە ۲۲ی حوزەیرانی ۲۰۲۲دا خستمانەڕوو، و تێیدا پێمان وا بوو کە پێویستە قۆناغە داهاتووەکە وەکو قۆناغێکی ڕاگوزەر هەژمار بکرێت و ڕێککەوتن بکرێت لەسەر ماوەکەی، و بە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی دادپەروەر کۆتایی پێ بێت، وهاوکات ڕێککەوتن بکرێت لەسەر یاسا و میکانیزمەکانی ئەو هەڵبژاردنە، بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە کۆی لایەنەکان لەسەری کۆک بن، و ئەرکی بنەڕەتی ئەو حکومەتە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت بێت و ئامادەکاریی بکات بۆ هەڵبژاردنێکی پاک کە ڕێخۆشکەر بێت بۆ قۆناغێکی دەستووریی درووست.

٥. دەبێت ئەو قۆناغە دەستوورییەی کە دەرەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی داهاتووە، چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە ژیان و سیستەمە سیاسییەکەدا بەرپا بکات لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی قەیرانەکاندا.

چونکە بەبێ چاکسازیی بوێرانە و ڕاستەقینە بۆ کۆی هەڵە و گەندەڵییەکان بەهیچ جۆرێک هیوا هەڵناچنرێت لەسەر بەدیهێنانی سیستەمێکی سیاسی کە لە توانایدا بێت ئەرکەکان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی و سەروەرییەوە ڕاپەڕێنێت.