چارەکی دووەمی ساڵی ۲۰۲۲
هەڵوێستەکانمان

چارەکی دووەمی ساڵی ۲۰۲۲

لە بەرواری ۹ـی نیسانەوە تاوەکو بەرواری ۲٥ی حوزەیران

۹ـی نیسانی ۲۰۲۲

سەماحەتی سەید عەمار ئەلحەکیم خودا پایەداری بکات..

لە ساڵیادی کۆچی جوانەمەرگی عیڕاق کەسایەتی گەورەمان سەماحەتی حوجەی ئیسلام و موسڵمانان سەید عەبدلعەزیز ئەلحەکیم (خودا ڕەوانی شاد بکات)، تەواوی پرسە و سەرەخۆشیم بۆ بەڕێزتان و خانەوادەی سەروەرمان ئەلحەکیم قبوڵ بفەرموون.

ئێمە بە کۆچی سەید عەبدولعەزیز ئەلحەکیم ئاڵایەک لە ئاڵاکانی جیهاد، وسیمبوڵێکی نیشتیمانیی، و پایەیەک لە پایە باڵاکانی بەهامان لەدەستدا.

خوالێخۆشبوو ژیانی خۆی تەرخانکرد لەپێناو ڕزگاربوون لە چنگی ستەم، و کاریکرد بۆ عیڕاقێکی ئازاد و سەرفراز، و تایبەتمەند بوو بە ئاڕاستە لۆژیک و عەقڵانییەکەی و دیدگا ژیرەکانی و سیاسەتە نیشتیمانییە سۆلیدارەکانی.

نەمری و ڕەحمەت بۆ گیانی پاکیان.

 

---

 

٦ـی ئایاری ۲۰۲۲

برای ئازیزم حاجی هادی عامری بەڕێز

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی حاجی موجاهید عەبدولکەریم ئەلئەنساریمان پێ گەیشت، خودا بە ڕەحمەتی گەورەی خۆی بگەیەنێت.

برایان لە ڕێکخراوی بەدر و بنەماڵە و هاوەڵ دۆستانی کچکردوو، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەتان دەکەین و داواکارین  لە خودای مەزن سەبووریتان بدات و لە کۆچکردوویش خۆش بێت.

وإنّا لله وإنّا إليه راجعون.

 

---

 

۹ـی ئایاری ۲۰۲۲

بەڕێز شێخ سەتار جەبار حلو..

پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەکو سەرۆکی ئاینزای "سابیئەی مەندائییەکان" لە عیڕاق و جیهاندا، هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیی بۆ ئێوە و ئاینزا بەخشندەکەتان دەخوازم.

عیڕاق نیشتیمانی ئێوەیە هەروەکو چۆن وڵاتی کۆی تایفە و ئیتینیکەکانی تریشە. دەبێت هاوڵاتیبوون و دادپەروەری و پێکەوەژیان ببێت بە بناغەی سیستەمە سیاسییەکەمان، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆڵەکانی عیڕاق خۆشگوزەران و سەقامگیر بن.

 

---

 

۲۹ی ئایاری ۲۰۲۲

برای ئازیزم بەڕێز بافڵ تاڵەبانی..

پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی دەستنیشانکردنتان وەکو سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، و متمانەی تەواوم هەیە بەوەی کە سەرۆکاییەتی بەڕێزتان یەکێتی دەگەیەنێت بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.

ئەمڕۆ هێزە سیاسییەکان لە بەرامبەر بەرپرسیارێتی نیشتیمانی باڵادان بۆ پاراستنی دەوڵەت و جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی گەل بە هەموو توێژ و نەتەوە و تایفەکانییەوە.

داواکارین لە بەڕێزتان و کۆی هێزە نیشتیمانییەکانی تر کە زیاتر سۆلیدار بن و کاری هاوبەش بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان لە ئاسایش و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیدا.

 

---

 

۱ـی حوزەیرانی ۲۰۲۲

دەوڵەتمەدار بەڕێز نەبیهـ بری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان.

سڵاوی خواتان لێ بێت

تەواو ئومێدەوارم کە لوبنانی دەستەخوشکمان سەقامگیریی و گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت، و پەیوەندییەکانی عیڕاق و لوبنان گەشە بکات لەپێناو چاکەی هەردوو گەلی دەستەخوشکدا.

وڵات و ناوچەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەروەریی و ڕۆحییەتی سازانی نیشتیمانی و سۆلیدارێتی هەرێمی هەیە، لەپێناو بەجێهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلەکانمان، لە نێو ئەم پەرەسەندنە بێ‌هاوتایەی قەیرانە جیهانییەکاندا.

بەرپاکردنی ژیریی و چارەسەرە نێوەندگیرەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتییەکان، هاوکاریی دەوڵەتەکانمان دەکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە نێوخۆییەکانی و ئاڵنگارییە دەرەکییەکان.

 

---

 

۱ـی حوزەیرانی ۲۰۲۲

بەڕێز عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان .

سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت

بەبۆنەی ۲۱مین ساڵیادی دامەزراندنتانەوە پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی سەرکرداییەتی و ڕێکخستنەکانتان دەکەم، و هیوای شادیتان بۆ دەخوازم.

ئەمڕۆ وڵاتەکەمان بە قۆناغێکی چارەنووسازدا تێدەپەڕێت کە کەیان و سیستەم و گەلە بەخشندەکەی خستۆتە ژێر هەڕەشەوە، بۆیە پێویست دەکات کۆی توانا و هەوڵە جیاوازەکانی لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لەپێناو بەردەستخستنی چارەسەری سەرکەوتوو بۆ قەیرانە سیاسی و ئابووری و سەروەرییەکانی.

تەواو ئومێدەوارم کە سۆلیدارێتی نیشتیمانیی سەروەر بێت لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی گەل بۆ ژیانێکی ئازاد و شایستە.

 

---

 

٥ ـی حوزەیرانی ٢٠۲۲

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هاوپەیمانیی نەسڕ ماڵئاوایی لە برامان کاپتن عەبدلرەزاق ئەلحەسەنی دەکات، کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گیانی سپارد پاش پەلامارێکی ترسنۆکانە کە لە یاریگای گەڕەکەی قادسیەی شاری بەغدادا تووشی بوو و بەهۆیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەکەدا کۆچی دوایی کرد، خودای گەورە لێی خۆش بێت و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.

کۆچکردوو، سیمبوڵێکی نیشتیمانیی ڕاستگۆ و باوەڕدار بوو بە خودا، و قارەمانێک بوو توانی ناوی عیڕاق بەرزبکاتەوە کاتێک کە یاریزانی هەڵبژاردەی عیڕاق بوو بۆ تۆپی پێ ئەو هەڵبژاردەیەی کە توانی جامی پاڵەوانێتی میللەتانی ئاسیا بەدەست بێنێت لە ساڵی ۲۰۰۷.

بەبۆنەی ئەم کۆست کەوتنە هاوپەیمانیی نەسڕ سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی کۆچکردوو و کەسکوکار و هاوڕێ و نێوەندە وەرزشییەکە و جەماوەری هاوپەیمانیی نەسڕ دەکات چونکە جوانەمەرگ یەکێک بوو لە ئەندام و کاندیدەکانی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا.

وإِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ

 

---

۱۷ـی حوزەیرانی ۲۰۲۲

عەبادی بۆ ئەدیبانی عیڕاق: ڕۆڵی ئێوە سەرەکییە لە بنیادنانی کۆمەڵگا و چاککردنەوەی سیستەمەکە و لە پاراستنی پێگەی عیڕاقدا

دکتۆر حەیدەر عەبادی پیرۆزبایی کرد لە هەڵبژاردنی دکتۆر عەلی فەواز وەکو سەرۆکی یەکێتی گشتی ئەدیبان و نووسەرانی عیڕاق، و بەڕێزان ئەندامانی تری دەستەی سەرۆکاییەتی.

و د. عەبادی لە بروسکەیەکی پرۆزباییدا جەختیکردەوە لەوەی؛ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە کۆمەڵگا و دەوڵەتەکەماندا لە قوڵاییدا پێویستی بە بەرهەمی فیکری و کولتووری نووسەران و ئەدیبان هەیە، چونکە سەرخانە کۆمەڵایەتییەکە نوقسان و شێواو دەبێت بەبێ بڵاوکردنەوەی ئەو دیدگا و تێگەیشتن و فیکر و ستاتیکایانەی کە لە توانایاندایە ناواخنە بەهایی و شارستانییەکان بهوێننەوە بۆ کۆمەڵگا.

و د.عەبادی دووپاتیکردەوە کە ڕۆڵی نووسەر و ئەدیبان سەرەکییە لە بنیادنانی کۆمەڵگادا، و لە پاراستنی پێگەی عیڕاق وەکو وڵاتێکی بەرهەمهێنی فیکر و داهێنان.

 

---

 

24ـی حوزەيرانی 2022

دەسپێشخەریی هاوپەیمانیی هێزە نیشتیمانییەکانی دەوڵەت بۆ قۆناغە داهاتووەکە

شیکردنەوەیەک

۱. واقیعی ئەمڕۆی عیڕاق زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە و کۆتایی کراوەی هەیە، و کۆنترۆڵکراو و خۆگرتوو نییە. و بکەرەکان تیایدا زۆرن، و لێکدژە تا ئاستی پارادۆکس، و دەرەنجامی هەر شکستێکی نوێ دەبێتە هۆی سیناریۆگەلێکی نا ئاسایی و نا تەقلیدیی.

۲. ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکە پێکهێنانی هاوکێشەیەک نییە بۆ حوکمڕانیی، بەڵکو پێکهێنانی جۆرە هاوکێشەیەکە کە لە توانایدابێت مانەوەی حوکمڕانییەکە بپارێزێت، و مانەوەیش لێرەدا پەیوەستە بە سرووشتی ئەو توخمانەوە کە هاوکێشە حوکمڕانییەکە بەرهەمدێنن، و هەروەها پەیوەستیشە بە توانای ‌هاوکێشە حوکمڕانییەکەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سرووشتی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان و بکەرەکانیدا.

هۆشداریی

۱. هەژمارکردنی قەیرانەکە بە کۆتایی پێ‌هاتوو و کارکردن بە مێنتاڵییەتی زۆرینە، هەڵەیە. (قەیرانەکە بەردەوامە).

۲. بنیاتنانی داهاتووەکە لەسەر بنەمای تەنگەتاوە هەنوکەییەکان وەکو ئەو ناکۆکیی و ململانێیانەی کە لە ئێستادا هەن، و مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتوودا لەسەر بنەمای قۆناغێکی دەستووری بەردەوام، هەڵەیە. ( ئەمە هاوکێشەیەکی ئیقسائییە بۆ حوکمڕانی کردن کە هەستکردن بە شکست و حەیف قووڵ دەکاتەوە).

۳. بەرهەمهێنانی هاوکێشەی حوکمڕانیی داهاتوو لەسەر بنەمای تاکلایانە و شەخسی و بەرژەوەندخوازیی بەرتەسک یان بەشێوەیەکی سەرکێشانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارگرژیی و لێکەوتە و کاردانەوەی هێزە کاریگەرەکان، هەڵەیە. (حوکمڕانی واتا هاوکێشەی بەرژەوەندییەکان، و سیاسەت بریتییە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی بەکەمترین زیان).

٤. بەرپا نەکردن  و پشتیوانی نەکردنێکی "هەرەوەزی" بۆ هاوکێشەی حوکمڕانییە داهاتووەکە و مکوڕ نەبوون لەسەر ئەوەی جۆریی و جیددی و "سەرسوڕهێنەر" بێت، هەڵەیە. (هاوکێشەیەکی حوکمڕانیی کە لە توانایدا بێت متمانە بگەڕێنێتەوە بە هێزە سیاسییەکان و دڵنەواییکردنی شەقام و بەدەستهێنانی دەسکەوتی جۆریی ئەگەرچی لە ئاستی کەمیشدا بێت".

٥. نواندنی ڕەقی و نەرمی لە بەڕێوەبردنی قۆناغەکەدا، هەڵەیە. چونکە نواندنی ڕەقی بە تەنها دەبێتە هۆی لێکدژیی و دواتریش شکان، و نواندنی نەرمی بە تەنها دەبێتە هۆی لاوازیی و سەرلێشێوان. (ئەوەی پێویستە نواندنی ڕەقی و نەرمییە بە شێوەیەکی ژیرانە و هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتی و ئیرادەیە لە هەمان کاتدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسێیە ئاڵۆز و ترسناکەکاندا).

٦. پشت ئەستووربوون بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تەنیا، هەڵەیە، چونکە چارەسەر بەدەستەوە نادات، جیهان سەرقاڵە بە خۆیەوە. هاوکات پشتگوێ خستنی بۆچوونەکانی جیهانیش نا درووستە. (پێویستمان بە پلان و پڕۆژە و دیدگای لۆکاڵییە لەپێناو سەرکەوتندا، و بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنیان نەک پرتەپرت کردن و لەشوێن‌خۆ مانەوە، هاوکات لە توانایدا بێت متمانەی جیهان بەدەست بهێنێت).

۷. گرەوکردن بەتەنها لەسەر مەعریفەی زانستی ئەکادیمییانە و پشتگوێ خستنی تواناکانی ڕابەرایەتیکردن و ئیدەرەدانی قەیرانەکان، هەڵەیە. (بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئیدارەدانی قەیرانەکان پێویستیمان بە ڕابەرایەتییەکی خاوەن دیدگا و ئەزموون و ئیرادە و توانایەکی ڕاستەقینە هەیە بۆ سەرخستنی پڕۆژەی دەوڵەت و فریادڕەسی سیستەمەکە).

 

 

کۆڵەکەکانی هاوکێشەی حکومڕانییەکە

یەکەم/ ئەو بنەمایانەی کە هاوکێشەی حوکمڕانییەکە پشتیان پێ دەبەستێت:

۱. براوە و دۆڕاو بوونیان نییە، هەمووان براوەن.

۲. لێخۆشبوون(تنازل)ی قورس و بەسوێ هاوکات بێت لەگەڵ پاراستنی بنەماکاندا.

۳. بێ‌لایەن کردنی قۆناغە داهاتووەکە.

٤. قۆناغە داهاتووەکە ڕاگوزەرە.

٥. هەڵپەساردنی دۆسیە گەورەکانی ناکۆکی.

٦. بەڕێوەبردنی هەرەوەزی "فرەلایەن".

دووەم/ هاوکێشەی حوکمڕانییەکە:

۱. هەژمارکردنی قۆناغە داهاتووەکە بە قۆناغێکی ڕاگوزەر (انتقالي)، کە بە هەڵبژاردنێکی نوێ کۆتایی پێ‌دێت، و ڕێککەوتن بکرێت لەسەر ماوەکەی.

۲. پێکهێنانی حوکمڕانییەکی نێوەندگیری هاوسەنگ، کە پەسەند بێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، و جێگەی دڵنەوایی بێت بۆ هێزە سیاسییە بەشداربوو و نابەشداربووەکانی حکومەت، لەپێناو مسۆگەرکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی.

۳.ئەرکە سەرەکییەکانی حکومڕانیی داهاتوو: بەڕێوەبردنی قۆناغە ڕاگوزەرەکە کە بە هەڵبژاردنێکی نوێ کۆتایی پێ‌دێت، بەمەبەستی گێڕانەوەی متمانەی شەقام بە سیستەمە سیاسییەکە، و مکوڕبوون لەسەر دەسکەوتی جۆریی لەمەڕ دۆسییەکانی گەندەڵی و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان و سەروەریدا.

٤. ڕاگەیاندنی بنەمای دڵنواییکەر (و سەرنجڕاکێش) بۆ نێوخۆ و دەرەوە لەلایەن ئەو هێزە سیاسییانەی کە پێکهێنەری حکومەتن لەمەڕ دۆسێیە گرنگ و ئاڵۆزەکاندا، هەروەها وەکو پشتوانییەکیش بۆ حکومەت.

سێیەم/ خەسڵەتەکانی ڕابەریەتی حکومڕانییەکە:

۱. ئاستی زانستی و سیاسی تێکهەڵکێشکراو بە لێهاتوویی و دەسپاکی و ئەزموونی کردارییەوە.

۲.ڕابەرایەتییەک کە جێگەی نەوایی بێت بۆ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەشدار و نابەشداری حکومەتن.

۳.بێ‌لایەنی نشتیمانی لەسەر بنەمای لایەنگیری نەکردن و هاوسەنگیی سیاسی.

٤. بەدەسهێنانی پەسەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەپێناو مسۆگەکردنی دۆزینەوەی ژینگە و کەشێکی پشیوانی لێکەر.

٥. ئەدای حکومی نا لایەنگیر بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی، ئەمەش لەڕێگەی پڕکردنەوەی پەیماننامەیەکی نوسراوەوە.

٦. پابەندبوون بە مەرجەعییەتێکی سیاسی بۆ حکومەت کە سیاسەتە گشتییەکان و پرسە ستراتیژکان دەستنیشان بکات.

 

---

 

۲٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۲

هاوپەیمانیی نەسڕ: دەستپێشخەریی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت دووبارە شەرعییەتی پرۆسە سیاسییەکە دادەمەزرێنێتەوە

"هاوپەیمانیی نەسڕ" جەختدەکاتەوە لەوەی؛ ئامانج لە دەستپێشخەرییەکەی "هاوپەیمانیی هێزە نیشتیمانییەکانی دەوڵەت" بریتییە لە دامەزراندنەوەی شەرعییەتی پرۆسە سیاسییەکە کە بەهۆی بارگرژییەکانی هەڵبژاردنەکان و کشانەوەکان لە پەرلەمان و داخرانی سیاسییەوە زیانی بەرکەوت، و دامەزراندنی قۆناغێکی حوکمڕانیی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەر بنەمای ئەم واقیعەی ئێستا نابێتە هۆی سەقامگیریی و پێشکەوتنی سیستەمە سیاسییەکە، بەڵکو وەکو هاوکێشەیەکی حوکمڕانیی ناپتەو و شپرزە دەمێنێتەوە و قابیلی داڕوخان دەبێت لە هەر چرکەیەکدا.

و " نەسڕ" پێیوایە ئەوەی کە داواکراوە بریتییە لە بەرهەمهێنانی هاوکێشەیەکی حوکمڕانی کە لە توانایدا بێت بەردەوام و سەرکەوتوو بێت و خزمەتی گەل بکات، ئەمەش پێویستی بە پرۆسەیەکی هڵبژاردنی هەیە کە تانەلێدراو نەبێت، هەروەها چالاکبوون لە پێکهێنانی بونیادە جێبەجێکاریی و پەرلەمانییەکاندا، ئەمانەش پرسگەلێکن کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ۲۰۲۱ و ڕووداوەکانی دواتری نەتوانرا وەدەست بهێندرێن. "هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت" پێی وایە کە دامەزراندی حوکمڕانییەک لەسەر بنەمای گومان و وەلاخستن و کێبڕکێ کردن و بەرژەوەندی سیاسی پشکپشکێنەیی قەیرانی سیستەمە سیاسییەکە قووڵتر دەکاتەوە، ئەمەش وامان لێ دەکات کە دووبارە چاوبخشێنینەوە بە کاروبارەکانی بەڕێوەبەرییە سیاسییەکە بەرەو دەستپێکێکی شەرعی و درووست بۆ قۆناغێکی حوکمڕانییە داهاتووەکە لەپێناو ئەوەی کە سەربکەوێت لە ڕابەرایەتیکردنێکی دەوڵەت و لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیدا.