شیکردنەوەیەک
۱. واقیعی ئەمڕۆی عیڕاق زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە و کۆتایی کراوەی هەیە، و کۆنترۆڵکراو و خۆگرتوو نییە. و بکەرەکان تیایدا زۆرن، و لێکدژە تا ئاستی پارادۆکس، و دەرەنجامی هەر شکستێکی نوێ دەبێتە هۆی سیناریۆگەلێکی نا ئاسایی و نا تەقلیدیی.
۲. ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکە پێکهێنانی هاوکێشەیەک نییە بۆ حوکمڕانیی، بەڵکو پێکهێنانی جۆرە هاوکێشەیەکە کە لە توانایدابێت مانەوەی حوکمڕانییەکە بپارێزێت، و مانەوەیش لێرەدا پەیوەستە بە سرووشتی ئەو توخمانەوە کە هاوکێشە حوکمڕانییەکە بەرهەمدێنن، و هەروەها پەیوەستیشە بە توانای هاوکێشە حوکمڕانییەکەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سرووشتی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان و بکەرەکانیدا.
هۆشداریی
۱. هەژمارکردنی قەیرانەکە بە کۆتایی پێهاتوو و کارکردن بە مێنتاڵییەتی زۆرینە، هەڵەیە. (قەیرانەکە بەردەوامە).
۲. بنیاتنانی داهاتووەکە لەسەر بنەمای تەنگەتاوە هەنوکەییەکان وەکو ئەو ناکۆکیی و ململانێیانەی کە لە ئێستادا هەن، و مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتوودا لەسەر بنەمای قۆناغێکی دەستووری بەردەوام، هەڵەیە. ( ئەمە هاوکێشەیەکی ئیقسائییە بۆ حوکمڕانی کردن کە هەستکردن بە شکست و حەیف قووڵ دەکاتەوە).
۳. بەرهەمهێنانی هاوکێشەی حوکمڕانیی داهاتوو لەسەر بنەمای تاکلایانە و شەخسی و بەرژەوەندخوازیی بەرتەسک یان بەشێوەیەکی سەرکێشانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارگرژیی و لێکەوتە و کاردانەوەی هێزە کاریگەرەکان، هەڵەیە. (حوکمڕانی واتا هاوکێشەی بەرژەوەندییەکان، و سیاسەت بریتییە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی بەکەمترین زیان).
٤. بەرپا نەکردن و پشتیوانی نەکردنێکی "هەرەوەزی" بۆ هاوکێشەی حوکمڕانییە داهاتووەکە و مکوڕ نەبوون لەسەر ئەوەی جۆریی و جیددی و "سەرسوڕهێنەر" بێت، هەڵەیە. (هاوکێشەیەکی حوکمڕانیی کە لە توانایدا بێت متمانە بگەڕێنێتەوە بە هێزە سیاسییەکان و دڵنەواییکردنی شەقام و بەدەستهێنانی دەسکەوتی جۆریی ئەگەرچی لە ئاستی کەمیشدا بێت".
٥. نواندنی ڕەقی و نەرمی لە بەڕێوەبردنی قۆناغەکەدا، هەڵەیە. چونکە نواندنی ڕەقی بە تەنها دەبێتە هۆی لێکدژیی و دواتریش شکان، و نواندنی نەرمی بە تەنها دەبێتە هۆی لاوازیی و سەرلێشێوان. (ئەوەی پێویستە نواندنی ڕەقی و نەرمییە بە شێوەیەکی ژیرانە و هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتی و ئیرادەیە لە هەمان کاتدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسێیە ئاڵۆز و ترسناکەکاندا).
٦. پشت ئەستووربوون بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تەنیا، هەڵەیە، چونکە چارەسەر بەدەستەوە نادات، جیهان سەرقاڵە بە خۆیەوە. هاوکات پشتگوێ خستنی بۆچوونەکانی جیهانیش نا درووستە. (پێویستمان بە پلان و پڕۆژە و دیدگای لۆکاڵییە لەپێناو سەرکەوتندا، و بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنیان نەک پرتەپرت کردن و لەشوێنخۆ مانەوە، هاوکات لە توانایدا بێت متمانەی جیهان بەدەست بهێنێت).
۷. گرەوکردن بەتەنها لەسەر مەعریفەی زانستی ئەکادیمییانە و پشتگوێ خستنی تواناکانی ڕابەرایەتیکردن و ئیدەرەدانی قەیرانەکان، هەڵەیە. (بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئیدارەدانی قەیرانەکان پێویستیمان بە ڕابەرایەتییەکی خاوەن دیدگا و ئەزموون و ئیرادە و توانایەکی ڕاستەقینە هەیە بۆ سەرخستنی پڕۆژەی دەوڵەت و فریادڕەسی سیستەمەکە).
کۆڵەکەکانی هاوکێشەی حکومڕانییەکە
یەکەم/ ئەو بنەمایانەی کە هاوکێشەی حوکمڕانییەکە پشتیان پێ دەبەستێت:
۱. براوە و دۆڕاو بوونیان نییە، هەمووان براوەن.
۲. لێخۆشبوون(تنازل)ی قورس و بەسوێ هاوکات بێت لەگەڵ پاراستنی بنەماکاندا.
۳. بێلایەن کردنی قۆناغە داهاتووەکە.
٤. قۆناغە داهاتووەکە ڕاگوزەرە.
٥. هەڵپەساردنی دۆسیە گەورەکانی ناکۆکی.
٦. بەڕێوەبردنی هەرەوەزی "فرەلایەن".
دووەم/ هاوکێشەی حوکمڕانییەکە:
۱. هەژمارکردنی قۆناغە داهاتووەکە بە قۆناغێکی ڕاگوزەر (انتقالي)، کە بە هەڵبژاردنێکی نوێ کۆتایی پێدێت، و ڕێککەوتن بکرێت لەسەر ماوەکەی.
۲. پێکهێنانی حوکمڕانییەکی نێوەندگیری هاوسەنگ، کە پەسەند بێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، و جێگەی دڵنەوایی بێت بۆ هێزە سیاسییە بەشداربوو و نابەشداربووەکانی حکومەت، لەپێناو مسۆگەرکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی.
۳.ئەرکە سەرەکییەکانی حکومڕانیی داهاتوو: بەڕێوەبردنی قۆناغە ڕاگوزەرەکە کە بە هەڵبژاردنێکی نوێ کۆتایی پێدێت، بەمەبەستی گێڕانەوەی متمانەی شەقام بە سیستەمە سیاسییەکە، و مکوڕبوون لەسەر دەسکەوتی جۆریی لەمەڕ دۆسییەکانی گەندەڵی و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان و سەروەریدا.
٤. ڕاگەیاندنی بنەمای دڵنواییکەر (و سەرنجڕاکێش) بۆ نێوخۆ و دەرەوە لەلایەن ئەو هێزە سیاسییانەی کە پێکهێنەری حکومەتن لەمەڕ دۆسێیە گرنگ و ئاڵۆزەکاندا، هەروەها وەکو پشتوانییەکیش بۆ حکومەت.
سێیەم/ خەسڵەتەکانی ڕابەریەتی حکومڕانییەکە:
۱. ئاستی زانستی و سیاسی تێکهەڵکێشکراو بە لێهاتوویی و دەسپاکی و ئەزموونی کردارییەوە.
۲.ڕابەرایەتییەک کە جێگەی نەوایی بێت بۆ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەشدار و نابەشداری حکومەتن.
۳.بێلایەنی نشتیمانی لەسەر بنەمای لایەنگیری نەکردن و هاوسەنگیی سیاسی.
٤. بەدەسهێنانی پەسەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەپێناو مسۆگەکردنی دۆزینەوەی ژینگە و کەشێکی پشیوانی لێکەر.
٥. ئەدای حکومی نا لایەنگیر بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی، ئەمەش لەڕێگەی پڕکردنەوەی پەیماننامەیەکی نوسراوەوە.
٦. پابەندبوون بە مەرجەعییەتێکی سیاسی بۆ حکومەت کە سیاسەتە گشتییەکان و پرسە ستراتیژکان دەستنیشان بکات.