لە چوارەمین ساڵیادی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا.. عەبادی:  ئەگەر خوێن و قوربانیدانی عیڕاقییەکان نەبوایە سەرکەوتن بەدی نەدەهات
سەرۆکاییەتی نەسڕ

لە چوارەمین ساڵیادی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا.. عەبادی: ئەگەر خوێن و قوربانیدانی عیڕاقییەکان نەبوایە سەرکەوتن بەدی نەدەهات

سەرکردەی هاوپەیمانیی نەسڕ دکتۆر حەیدەر عەبادی، دوێنێ یەکشەممە، پێشوازیکرد لە پیرۆزباییکەران بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا، کە لە ۱۰ـی کانوونی ۲۰۱۷ لەلایەن عەبادییەوە راگەیەندرا.

لە دانیشتنەکەدا نوخبەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان و ئەندامانی نەسڕ و وەزیران و بەرپرسانی پێشووتری کابینەکەی دکتۆر عەبادی تێیدا ئامادەبوون، ئەو حکومەتەی کە سەرکرداییەتی جەنگی دژ بە هێزە شەڕانگێز و تاریکەکانی "داعش" بەڕێوەبرد.

سەرەتای پێشوازیکردنەکە بەخوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و سوورەتی فاتیحە بەسەر رۆحی شەهیدە قارەمانەکانی  عیڕاق لە رشتە جەنگییە جۆراوجۆرەکاندا دەستیپێکرد، ئەوانەی بەخوێنی خۆیان و هەموو ماڵوموڵکیانەوە بەشداربوون لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، پاشان گوێگیرا بۆ سروودی نیشتیمانیی و هونراوەیەک دەربارەی سەرکەوتن و رۆحی ئینتیما بۆ وڵاتەکە و بەرگریکردن لێی، بێجگە لە داستانە قارەمانانەکانی گیانفیداکردن کە لە جەنگی دژ بە داعشدا پێشکەشکران، چی ئەوەی بەخوێنی شەهیدان نەخشێندرا یاخود ئەوانەشی لەڕێگەی خەم و خۆڕاگریی خانەوادەکانیانەوە بەخشرا.

پاشان دکتۆر عەبادی وتارێکی پێشکەشکرد تێیدا هاتبوو: "ئێمە کاتێک باسی سەرکەوتن دەکەین مەبەستمان لە بەهای گیانفیدایی و بەخشندەیی و شەهیدبوونە لەڕێگەی خودادا کە ئەمەش واتای بەرگریکردنە لە بەها و نەریت و بەرژەوەندییەکانی خەڵکە، ئەگەر گیانفیدایی نەبوایە، ئەوەی بەدەستهاتووە بەدەست نەدەهات".

هەروەها ئاماژەیکرد بۆ ئەو گەندەڵییەی کە ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنین و وتی: "گەندەڵی یەکێک بوو له گرنگترین هۆکارەکانی داڕمان لە بەرامبەر داعشدا، و ئەمڕۆ، پاش تێپەڕینی ٤ ساڵ ئەوەتا دووبارە گەندەڵی سەرهەڵدەداتەوە، ململانێی لەسەر دەسەڵات دەرەنجام دەمانگەیەنێتە لەیەکترازان و کەڵەکەبوونی بەرژەوەندییە بەرتەسکەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی خەڵکی ون دەبێت".

و دکتۆر عەبادی هۆشداریدا لەهەر داکەوتنێکی ئابووریی ئەگەر تەنیا پشت بە نەوت ببەسترێت، چونکە هیچ داهاتوویەکی مسۆگەر بوونی نییە کە لەو سامانەوە وەدەستبێت، بۆیە دەبێت سەرچاوەی جۆراوجۆر وەکو پاڵپشتی بدۆزرێتەوە.

و بەم وتانەش کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئێمە دەتوانین سەرلەنوێ ببوژێینەوە لەڕێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی هێزە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانە سیاسییەکەدا، و لەڕێگەی دابینکردنی بەخشین و دیدگا و ویست و ئیرادەوە".

لەلایەکی ترەوە وەزیری بەرگری پێشووتر خالد عوبێدی لە وتارەکەیدا چاویخشاندەوە به رۆڵی فەرماندەییە سەربازییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە دکتۆر حەیدەر عەبادی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتندا لەکاتێکدا سەرکەوتن وەکو شتێکی مەحاڵ بوو لە پێشبینییەکانی زۆرێکدا، و ستایشی جەنگاورە قارەمانەکانی هێزە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی کرد، و گوزارشتی لە ئومێدەکانی کرد بە چینە سیاسییەکە بەوەی بە ئاڕاستەی درووستکردنی حکومەتە داهاتووەکەدا بجوڵێنەوە.

پاشان ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو بەڕێز مەهدی عەلاق وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا شایەتحاڵی خۆی خستەڕوو بە توانای لەڕادەبەدەر و هەستی بەرپرسیارێتی گەورەی دکتۆر حەیدەر عەبادی لە درووستکردنی سەرکەوتن و پەرەپێداندا، بەشێوەیەکی هێمنانە ولەسەر ئاستی کۆی ئەرکەکانیدا.

ئەوەی خستەڕوو کە چۆن عەبادی هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ کەمکردنەوەی  مووچەی فەرمانبەرانی رەتکردۆتەوە؛ لەڕێگەی پێدانی دەسەڵاتەکان و فەرمانەکانی خۆگونجاندن بۆ دابینکردنی پارووەنانی ژیانی رۆژانەی فەرمانبەران، لەڕێگەی وەستاندنی بەفێڕۆدان و سنووردارکردنی خەرجی تەنیا بۆ پرسە هەنوکەیی و پێویستەکان.

هەروەها قاسم فەهداوی وەزیری کارەبای پێشوو لە کابینەکەی عەبادیدا، ئاماژەیدا بە قۆناغی پاش ئازادکردن، و دوو شتی بەیادهێنایەوە، یەکەمیان لە ئەنباردا بوو کاتێک کە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران لە خێمەیەکدا بەسترا لە شاری روومادی پاش ئازادکردنی، و چۆن ئەو هەنگاوە بوو بە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ورەی بەرپرسان لە پارێزگاکەدا و زیادکردنی هیوا و ئومێد بە دەوڵەت و سەرکردەکەی.

و بابەتی دووەمیان لە نەینەوا بوو کاتێک کە رێوشوێنی گرنگ گیرایەبەر، لەوانەش گێڕانەوەی کارەبا و رووناکردنەوەی شەقامەکان بوو بەشێوەیەکی خێرا بۆ وێرانەی شارەکە؛ لەپێناو پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی.

پاشان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.عەبدولرەزاق ئەلعیسا باسی لە هەڵوێستە داراییەکان کرد لە بەڕێوەبردنەکەی دکتۆر عەبادیدا و چەن پتەو بوو لە دانانی خەرجییەکان لە جێگەی پێویستی خۆیدا، و بڕینی خەرجی ناپێویست لەپێناو دابینکردنی پشتیوانی بۆ جەنگ و بازاڕ.

پاشان وتارەکە بۆ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پێشووتری بەغدا بوو لە حکومەتەکەی عەبادیدا ۲۰۱٤-۲۰۱٨ فەریق جەلیل روبەیعی،و باسی چۆنێتی بەدەستەوەگرتنی پۆستی پێشووتری خۆی کرد، بەبێ ئەوەی هیچ لینک و یەکترناسینێکی پێشووتری هەبووبێت لەگەڵ عەبادیدا، و چۆن پێوەرەکانی پێشەییبوون رەچاوکراوە لە دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی سەربازی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە گرنگە لەو کاتەدا. و وتی کە دکتۆر عەبادی رۆژانە چاودێری کارەکانی دەکرد و کۆنتاکتی هەبووە لەگەڵیدا، هاوکات دەسەڵات و بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی دەبەخشی لە بەڕێوەبردنی کاروبارە رۆژانەییەکاندا.

هەروەها وەزیری تەندرووستی پێشوو د.عەدیلە حموود ئەوەی وەیادهێنایەوە کە چۆن ئۆپراسیۆنە پزیشکییەکان لە هێڵەکانی پێشوەی جەنگدا بەڕێوەدەچوون، سەرباری نەبوونی توانای دارایی پێویست، و چۆن دکتۆر عەبادی کەڵکی لە بینا گشتییە پێویستەکان وەرگرتووە و کردوونی بە نەخۆشخانە.

و کابینەکەی عەبادی گرنگیداوە بە پشتیوانیکردنی راستەوخۆی فریاکەوتنەکان و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان و سەنتەرە پزیشکییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.

لە کۆتاییشدا فەریقی خانەنشن عەبدلحسێن عامری لە وتارەکەیدا ئاماژەیکرد بۆ رۆڵی گرنگی حەشدی عەشائیری لە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان لەسەر گۆڕەپاندا.

و ئامادەبووانی ئاهەنگی یادکردنەوەکە سنووردار بوو بۆ کۆمەڵێک میوانی بەڕێز و ئەندامانی هاوپەیمانیی نەسڕ لە بەغدا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.