عەبادی: بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا شەرعییەتی دەوڵەت بەهێزتر دەکات و دەبێت هێزە سیاسییەکان لەئاستی داخوازییەکانی گەلدا بن
سەرۆکاییەتی نەسڕ

عەبادی: بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا شەرعییەتی دەوڵەت بەهێزتر دەکات و دەبێت هێزە سیاسییەکان لەئاستی داخوازییەکانی گەلدا بن

دکتۆر حەیدەر عەبادی سەرکردەی سەرکرداییەتی هێزە نیشتیمانییەکانی دەوڵەت جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەشداریکردنێکی جەماوەری فراوان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، و جەختیشیکردەوە کە بەشداریکردن شەرعییەتی سیستەمە سیاسییەکە پتەوتر دەکات و دەبێتە هەوێنی ئەو گۆڕانکارییەی گەل خوازیارێتی. ئەمەش لە میانەی دەنگدانیدا بوو لە خوێندنگای "وەتەن"ـدا لە بەغدای پایتەخت.

هەروەها دکتۆر عەبادی ئاماژەشیکرد بۆ پێویستی پابەندبوونی هێزە سیاسییە رکابەرەکان بە رێساکانی کارکردنی دیموکراسیانە دوور لە هەر هەڵسوکەوتێکی ترساندن و تۆقاندن یاخود ساختەکردنێکی دەنگی دەنگدەر.

و عەبادی جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هاتنەکایەی حکومەتێک کە لە توانایدابێت بەشێوەیەکی چالاک و بەرپرسانە مامەڵە بکات بەتایبەتی لەگەڵ دۆسیەی دارایی و ئابووریدا چونکە کاردانەوەی پۆزەتیڤی هەیە بەسەر ژیانی هاوڵاتیان و درووستکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووان، هەروەها لە توانایدا بێت لێکدژییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبترێت بەپێی بەرژەوەندی عیڕاق و هاوسەنگی بکات لەنێوان ژیریی و هێزدا، و دەستبکات بە پرۆسەی چاکسازی پەیکەریی سەرتاسەریی لە هەموو سێکتەرەکانی دەوڵەتی لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانیان.

و عەبادی رۆڵ و قوربانیدانەکانی گەلی بەرامبەر بە سیستەمە سیاسییەکە بەرزنرخاند، ئەمەش هێزە سیاسییەکان ناچار دەکات لەئاستی داخوازی و هیوا رەواکانی گەلدا بن.